باڵیۆزی نوێی ئێران: هێڵی پێشەوەی شەڕمان بردووەتە حەلەب و مووسڵ

 باڵیۆزی نوێی ئێران: هێڵی پێشەوەی شەڕمان بردووەتە حەلەب و مووسڵ
باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق یەکەم لێدوان دوای دەستنیشانکردنی وەک باڵیۆز دەدات و رایدەگەیەنێت، کە هێڵی پێشەوەی شەڕی وڵاتەکەیان بردووەتە شارەکانی حەلەب لە سووریا و مووسڵ لە عێراق.



ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران بۆ عێراق لە وتارێکدا لە شاری عەبادان لە باشووری ئێران، رایگەیاندووە، کە پارێزگاریی لە ئارامی و سەقامگیریی ئێران بە هەوڵی ”شەهیدانی بەرگریی لە پێگە پیرۆزەکانی شیعە“ بەدی هاتوون.



ئیرەج مەسجدی، کە فەرماندەیەکی سەربازیی سوپای قودسی ئێرانی بوو، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێشتر هێڵی پێشەوەی شەڕی وڵاتەکەی لە شەتولعەرەب لە باشووری عێراق بوو، بەڵام ”ئێستا هێڵی پێشەوەمان بردووەتە شارەکانی حەلەب و مووسڵ“.



ئەو فەرماندەیە، کە راوێژکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی‌یە، پێیوایە رێکخراوی توندڕەوی داعش هەوڵی دەدا دەوڵەتێک لە حەلەب و مووسڵ دروست بکات و ”دواتر هێرش بکەنە سەر بنکەی سەرەکیی مەزهەبی شیعە لە ئێران“.









باسنيوز
Top