هاوپەیمانان: بەهیچ شێوەیەک کار لەگەڵ پەکەکە ناکەین
رۆژی هەینی 13/1/2017، جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە لە شەڕی دژی داعش و رزگارکردنەوەی مووسڵ، "هەماهەنگیی تەنها لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەین".
جۆن دۆریان ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەکەکە "رێکخراوێکی تیرۆریستییە" و بەهیچ شێوەیەک کاری لەگەڵدا ناکەن.
ئەو چەکدارانەی سەر بە پەکەکە، دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی موسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری شنگال جێگیر بوون.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
BAS NEWS-
