ئەنجومەنی وەزیران یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی تازەی ساز کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12/1/2017 ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرۆکایەتی نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبویەوە و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران، بە ناوی خۆی و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە وەزیران و خانەوادەکانیان کرد و ھیوای ساڵێکی خۆش و سەرکەوتووی بۆ خواستن، ھەروەھا بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کۆماری ئیسلامی و سەرکردایەتیی ئێران و خانەوادەی بەڕێز ئایەتوڵلا ھاشمی ڕەفسەنجانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی خۆالێخۆشبووەوە کرد.
ئاماژەی بەوەش دا کە وێڕای ئەوەی ساڵی 2016 ساڵێکی زۆر سەخت بوو، بەڵام بە ھەوڵ و ھیممەتی ھەمووان و پشوودرێژیی کوردستانییان ئیدارەی دۆخەکە کرا، دووپاتی سوپاس و پێزانینی خۆی و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانیشی بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی شەھیدان و مووچەخۆران و تەواوی خەڵکی کوردستان کردەوە کە بەرگەی سەختییەکانیان گرتووە و دەگرن و لە دۆخی سەختی ھەرێمی کوردستان تێدەگەن.
ھەروەھا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ھیوای خواست ساڵی 2017 ساڵی ڕێکخستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت و بە کردەییش دەرەنجامی ئەو پڕۆژە چاکسازییە دەرکەوێت کە ساڵی ڕابردوو ھەنگاوەکانی دەسپێکردنی جێبەجێکردنی نراون، بەتایبەتیش لە بوارەکانی تۆمارکردنی مووچەخۆران بە سیستەمێکی ئەلکترۆنی و پڕۆژەی وردبینیکردنی داھات، خەرجییەکانی نەوت و گاز و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و زیادکردنی داھاتی گشتی.
دوای ئەوە ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەرەنجامی کۆبوونەوەی ھاوبەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عیراق خستە ڕوو، لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە ھەرێمی کوردستان بە ھەر ڕێککەوتنێکەوە پابەند دەبێت کە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا بێت و داھاتی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان، مسۆگەر بکات.
دواتر، ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بەوەکالەت، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ ئامادەکردنی بەیانێکی دارایی سەبارەت بە داھاتی گشتیی ساڵی 2016 بە داھاتی فرۆشی نەوت و داھاتە ناوخۆییەکانی دیکە و خەرجییە گشتییەکانەوە لە بوارەکانی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی بەکاربردنی دامەزراوە و پڕۆژەکاندا خستە ڕوو، ھەروەھا ڕایگەیاند: " بۆ ساڵی 2017 وەزارەت پڕۆژەیەک بۆ داھات و خەرجییە گشتییە خەمڵێراوەکان ئامادە دەکات، تاکو لەبەر ڕۆشناییی ئەو زانیاریانە پێشبینییەکانی ساڵی دارایی ساڵی 2017 بخرێنەڕوو.
لەمبارەوەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەن و جەخت لە زەروورەتی پاراستنی ھاوسەنگی لەنێوان داھات و خەرجییەکاندا کرایەوە، بە شێوەیەک ئەولەوییەت بدرێتە دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ مووچە.
دوای ئەوانە، ڕێکەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی کەرتی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە ھەرێمی کوردستان، خستەڕوو کە تیایدا کێشە و بەربەستەکان و ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەستنیشان کرد بۆ چاکسازی لەم بوارەدا و لەمبارەیەوە چەند پێشنیارێکی گرنگی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، بە جۆرێک گەرەنتیی سەلامەتی بکرێت لە پێدانی دەرمانی دروست لەلایەن کەسی شیاوەوە و بە نرخێکی گونجاو، وێڕای خستەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر داھات و خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی و چاکسازی لە پەیکەری کارگێڕیی ئەم کەرتەدا.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش خستەڕوو، تیایدا ئاماژەی بەو ھەموو ھەوڵانە کرد کە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی لیژنەکەوە تا ئێستا لەپێناو بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە خوشک و برایانی ئێزدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە ئەنجامیان داوە و ھەر لەمیانی ڕاپۆرتەکەیدا بژاردەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە میکانیزمی بەجینۆسایناساندنی ئەو تاوانانە و ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەمیان، خستەڕوو.
bas news-
