ھەولێر.. وەزارەتی ئەوقاف بەھۆی ناوزڕاندنەوە گوتارخوێنێکی لە کارەکەی دوورخستەوە

ھەولێر.. وەزارەتی ئەوقاف بەھۆی ناوزڕاندنەوە گوتارخوێنێکی لە کارەکەی دوورخستەوە
بە نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف، گوتاربێژێَک لە کارەکەی دوور دەخاتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو گوتاربێژە بەھۆی ناوزڕاندنەوە، لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.



لە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای ھەولێر کە ئەمڕۆ 12/1/2016 دەرچووە و وێنەیەکی دەست ئاژانسی ھەواڵی (باسنیوز) کەوتووە، تێدا ھاتووە "ئاماژە بە فەرمانی وەزاری ژمارە 6 لە 3/1/2017 و فەرمانی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای ھەولێر ژمارە 63 لە 11/1/2017، بڕیاردرا بە لادانی بەڕێز (نیاز نوری ئەحمەد) پێشنوێژ و وتارخوێنی خۆبەخش لە مزگەوتی شەھید محەمەد عەزیز، لەکاری پێشنوێژ و وتارخوێندنەوە".


ھەروەھا لە نووسراوەکەدا، ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: "دەبێت خانووی مزگەوتەکە لەماوەی 2 مانگدا چۆڵ بکرێت و فەرمانەکەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت".



نەبەز ئيسماعيل کەمال، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەوبارەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو مەلایە، یەکەمجار لەسەر ناوزڕاندن (تەشھیر) لادراوە، لێژنەیەکی تایبەتمان لە وەزارەت، بە پێی ئەو لێژنەیە، سەپێجی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی یەکخستنی گوتاری ئایینی کردووە، لە گوتاری ھەینی بە بەڵگەوە لامانە کە تەشھیری بە خەڵک کردووە".


گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو مەلایە، فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف نییە، بەڵکو فەرمانبەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بە خۆبەش گوتاری داوە، بە نووسراوی فەرمی نەبووە، بە زارەکی پێی ڕاسپێردراوە کە گوتار بدات".


گوتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف، لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی بڕیارەکانی ڕێکخستنی ھەیکەلی ئیداری، ئەو مەلایە، بەھۆی ناوزڕاندن لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە، لادراوە".




bas news-
Top