بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی: بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە

 بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی: بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، ئاماژە بە ئاماری گرتنی ئەو کەسانە دەکات کە بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە یاخود بەکاریان هێناوە.

عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، ڕایگەیاند: “بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ساڵی ڕابردوو 310 کەس دەستگیر کراون ونزیکەی یەک تەن شیشە گیراوە، یەک تەن حەب دەستی بەسەردا گیراوە”. گوتیشی: “هەر شەوی ڕابردوو 11\1\2017، (ملیۆنێک) حەبی (ترامادۆڵ) دەستی بەسەردا گیراوە، دوو سێ ڕۆژ پێشووتر 700 غرام شیشەی کریستاڵ کە ماددەیەکی ترسناکە بۆ ئەوانەی بەکاری دەهێنن، دەستی بەسەردا گیراوە، لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی هێرۆین، شەوێک لەمەو پێش، شەش کەس دەستگیرکراون کە خەڵکی هەرێمی کوردستان نین”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لەناو گیراوەکانی ساڵی ڕابردوو 10 ئافرەت هەبوون کە بازرگانی و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون، لەناو ئافرەتەکاندا خەڵکی دەرەوەی کوردستان هەبووە، بۆیە توندترین سزا بۆ ئەوانەیە کە بازرگانی پێوە دەکەن، هەرچەندە پێشووتر لە سێدارەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو حوکمە لە کوردستاندا جێبەجێ ناکرێت، ئێستا سزاکە بۆ حوکمی هەتا هەتایی گۆڕدراوە".

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نێو ئەو کەسانەی بەتۆمەتی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، منداڵیش هەن. گوتیشی: “ئەو ماددانە لە هەرێمی کوردستان ناچێنرێت، لە ئەفغانستان و ئێرانەوە بە قاچاغ بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە".















باسنیوز
Top