سەرکردەیەکی گۆڕان باس لە لاوازبوونی جەستەی نەوشیروان مستەفا دەکات
ڕەوف عوسمان، سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: " ڕاستە ماوەی چەند مانگێکە تەندرووستیی نەوشیروان مستەفا، بەشێوەیەک لە شێوەکان تێکچووە، پەڵام ئێستا تەندرووستیی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوپەڕی سەقامگیرە و بەدڵی ھەموو گۆڕانخوازانە”.
باسیشی لەو وێنانە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە و تێیدا نەوشیروان مستەفا لاوازییەکی زۆر بە جەستەیەوە دیارە، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو وێنانەی نەوشیروان مستەفا کە بڵاوکراوەتەوە و سەیری تەلەڤزیۆن دەکات، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە نەوشیروان مستەفا، ھیچ کێشەیەکی نییە، ھەروەھا وەکو کەسێکی تەندرووست و ئاسایی دانیشتووە”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی بزووتنەوەکە، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بەردەوام ئاگاداری ھەموو گۆڕانکارییە سیاسیەکانی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەگەڵ جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکەی ھەماھەنگی دەکات و “بەھیچ شێوەیەک لە گۆڕان دانەبڕاوە”.
سەرۆکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاشیگەیاند: “نەوشیروان مستەفا، ھیچ نەخۆشییەکی ترسناکی نییە، ھەروەھا کاتێک لەوێنەکاندا بە لاوازی دەردەکەوێت، خودی نەوشیروان مستەفا، بەدرێژایی تەمەنی کێشی لەشی دابەزیوە، بۆیە پەیوەندی بە نەخۆشیی ترسناکەوە نییە”.
بە گوتەی ڕەوف عوسمان، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، نەخۆشیی فەقەرات “بڕبڕەی پشت”ی ھەیە و ئێستا پزیشکەکان چارەسەری سرووشتی بۆ دەکەن. دەشڵێت: “گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، پەیوەندی بەو پزیشکانەیە کە چارەسەری پزیشکی بۆ دەکەن، ھەر کاتێک تەندرووستی بەرەو باشبوونی زیاتر بچێت، بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە”.
باسنیوز
