حکومەت و ماموستایانی ناڕازی کۆدەبنەوە

حکومەت و ماموستایانی ناڕازی کۆدەبنەوە
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی - ھەڵبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی شاندێکی ماموستایانی ناڕازی سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتییان لە سلێمانی کرد، دیدارێکیان لەنێوان سەرۆکی حکومەت و ماموستایانی ناڕازی رێکخستووە کە سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتییش لەو دیدارە ئامادە دەبێت.



گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی - ھەڵبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان "عەتا شێخ حەسەن" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "ماموستایانی ناڕازی کە ھەستیان کرد دەستێک ھەیە دەیەوێت لەکاتی ئەنجامدانی گردبوونەوە لە بەردەم بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی کرژی دروست دەبێت، داوایان کرد سەردانی ئێمە بکەن، بۆیە ئێمەش پێشوازیمان لێکردن و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی کۆبوونەوە."



عەتا شێخ حەسەن گوتی: لایەنەکان وڵامیان بۆ داخوازیەکانی ماموستایانی ناڕازی نەبووە، بەڵام ئێمە گوێمان لێگرتن و دیدارێکیشمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر بۆ رێکخستووە، چونکە داخوازی ئەوان لای حکومەتە، بۆیەش ئەو دیدارەمان بۆ رێکخستوونە."



شێخ حەسەن راشیگەیاند: بڕیارە رۆژی پێنج‌شەممە کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی حکومەت و ماموستایانی ناڕازی بە ئامادەبوونی وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەدھەم بارزانی بەڕێوە بچێت و تێیدا ماموستایانی ناڕازی داواکاری خۆیان بگەینە حکومەت.
payamner-
Top