ڕەھبەری سەید براھیم: پارتی و یەکێتی دەتوانن حکوومەت بەڕێوەبەرن

 ڕەھبەری سەید براھیم: پارتی و یەکێتی دەتوانن حکوومەت بەڕێوەبەرن
سەرکردەیەکی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن.

ڕەھبەری سەید براھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستە ڕێککەوتنی ستراتیژیی یەکێتی و پارتی ”گرنگیی زیاتری پێ بدرێت“، چونکە ”ھەم کوردستان ئارام دەبێ و ھەمیش ئەو دوو حزبە دەتوانن حکومەت بەشێوەیەکی باش بەڕێوەببەن“.

ڕەهبەری سەید برایم پێیوایە بە گرنگیدانی زیاتری پارتی و یەکێتی، کە ”دوو لایەنی سیاسیی بەھێزی کوردستانن“ بە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانیش ”قۆناغ بە قۆناغ“ چارەسەر دەبن.

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، رێککەوتنی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان نابێتە بەربەست لەبەردەم رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی، چونکە ھەموو ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ”کۆمەڵێک دەستکەوتی دیاریکراوی ھەیە بەتایبەتی تواندنەوەی بەستەڵەکی توڕەیی لایەنە سیاسییەکان، ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکی گرنگە“.

هەروەک ڕەهبەری سەید برایم رایگەیاند، ”هەرگیز باوەڕ ناکەم“ یەکێتی دەستبەرداری پارتی بێت لەپێناو ”بەرژەوەندی گشتیی“ گەلی کوردستان.

ڕێککەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی واژۆ کرا.

رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.






باسنیوز
Top