ڕاگەیاندراوی هاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بڵاو کرایەوە
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە کە ، ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11\1\2017دا، گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوو لایەن و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ھێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر کراوە. ھاوکات چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی خراوەتە ڕوو و دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دانانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش کە نوێنەرایەتیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکھاتە نەتەوەییەکان لەخۆ بگرێت، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھەر لایەنێکی پەیوەندار بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچەکانی ماددەی 140 لە ئایندەیەکی دیاریکراودا، ئینجا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان قسەی لەبارەوە کرا.
لە کۆتاییشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوولا بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بە زوویی بگەنە ڕێککەوتنێک کە سەرەنجام بتوانن چارەسەری گونجاو بۆ کۆی کێشەکان دابنێن.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە ڕوانگەی ھەستکردن بە ئەرکە مێژووییەکانی ھەردوو حیزب لەم قۆناغە ھەستیارەی کە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و پاراستنی بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان و دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەرین کە بە خوێن و خەبات بە دەست ھاتوون و لە ئاکامی کاری ھاوبەش و تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستانی بووە، ئەمڕۆ شاندی مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا لە شاری ھەولێری پایتەخت کۆبوونەوە و ئەم بابەتانەیان خستە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: پەیوەندیی نێوان ھەروولا: بۆ زیاتر پتەوکردن و پەرەپێدان و گونجاندنی پەیوەندییەکان بەپێی ئەرکەکان و ھەلومەرجی نوێ، بەتایبەتی لە بواری حوکمڕانی و پەیوەندییە کوردستانییەکان و پەیوەندیی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدرال و وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا، کە لە ئاست گۆڕانکارییە خێرا و زۆرەکانی ئەم قۆناغەدا بێت و لە بەرژوەندیی گەلی کوردستاندا بێت.
دووەم: ھەوڵدان بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی ھێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر.
سێیەم: چۆنیەتیی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی کە بەرۆکی خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆرانی بەتایبەتی گرتووە، بۆیە ھەردوولا پاڵپشت و ھاوکار بین بۆ حکوومەتی ھەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەرکردن و ئەنجامدانی چاکسازی لەو بوارانەی پێویستن کە ببێتە مایەی دابینکردنی بژێویی کۆمەڵانی خەڵک و دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆران و گرنگیدان بە بواری نەوت و گاز و دابینکردنی شەفافیەتی زیاتر و پێویست.
چوارەم: دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەریی کێشە بنەڕەتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
پێنجەم: دانانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش کە نوێنەرایەتیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکھاتە نەتەوەییەکان لەخۆ بگرێت، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عیراق و ھەر لایەنێکی پەیوەندار بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچەکانی ماددەی 140 لە ئایندەیەکی دیاریکراودا، ئینجا ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان.
شەشەم: کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوولا بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بە زوویی بگەینە ڕێککەوتنێک کە سەرەنجام بتوانین کۆی کێشەکان چارەسەری گونجاوی بۆ دابنێین.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نێشتمانیی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
11/1/2017
باسنیوز
