کەنعان خەیلانی: پرۆژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە قازانجی حکومەت و فەرمانبەردایە
سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، بە نووسراوی فەرمی پرۆژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانیان ئاراستەی حکومەت کردووە و چاوەرێی وەڵامی ئەوان دەکەن و ھەموو پارێزگاکانیش پشتگیری لەو پرۆژەیه دەکەن، چونکە ئەو پرۆژە لە قازانجی حکومەت و فەرمانبەران دایە.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر "کەنعان خەیلانی" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بوو پارێزگاکانی دیکە دەستخۆشی لە ئێمە بکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو پرۆژەی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و ھەموو ئەنجومەنەکان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو پرۆژەیە دووپات کردەوە."
کەنعان خەیلانی گوتی: تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بۆ ئەوەبوو بە وردی لە پرژەکە بگەن و بزانن وردەکاریەکانی پرۆژەکە چین و لەو کۆبوونەوەیە بە وردی باسی پرۆژەکە کرا کە لە ١٠خاڵ پێکھاتووە ھەر ھەمووی خوێندرایەوە و ئەوەی تێبینی لەسەر ھەبوو روونکردنەوەی لەبارەوە درا.
خەیلانی ڕوونیشی کردەوە: ئێمە بە نووسراوێکی فەرمی پرۆژەکەمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و ئەوانیش تاوتوێی پرۆژەکە دەکەن و دواتر دیار دەبێت کە رازین بە پرۆژەکە یاخود نا، چونکە جێبەجێکردنی لەدەسەڵاتی ئەواندایە، کە ئەوانیش تا چەند توانای ئەوەیان ھەیە جێبەجێی بکەن.
وتیشی: پەسەند کردنی ئەو پرۆژە یاسایەش لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە ئێمە دەسەڵاتمان ھەیە ھەر پرۆژەیەک سوود بە ھاوڵاتیان بگەینێت پێشکەشی حکومەتی بکەین بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات.
باسی لەوەشکرد: لەئێستادا دەتواندرێت رەسیدی ھەر فەرمانبەرێک دیاری بکرێت دواتر ئەو قەرزەی حکومەت لای ھاوڵاتی ھەیە وەکو سلفەکان و قەرزەکانی دیکە دەتواندرێت لەو رەسیدەی فەرمانبەر بدرێتەوە ئەوکات ھەم حکومەت و ھەم فەرمانبەریش لێی سوودمەند دەبن، کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ دۆخی ئابووری ھەرێم باشتر بێت و پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
payamner-
