ھەرێمی کوردستان و خاچی سووری نێودەوڵەتی جەخت لە ھاریکاریی ھاوبەش دەکەنەوە
لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی ئەو ھاوکاری و کارئاسانیانەیان کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە ڕێکخراوەکەیان دەکات لە کار و چالاکییەکانیاندا بەتایبەتی لە سەردانی کەمپی ئاوارەکان و گرتووخانەکان. جەختیشیان لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر ھاوکاریی ئاوارەکان بکات، چونکە بەھۆی نائارامیی ناوچەکانیانەوە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بمێننەوە.
دووپاتیشیان کردەوە وەک ڕێکخراوی ICRC ھەوڵ دەدەن بە ھاوکاریی دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی دیکە، خولی ھۆشیاری سەبارەت بە خۆپاراستن لە مین و تەقەمەنییەکان بۆ ئاوارەکان بکەنەوە بۆئەوەی لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بتوانن خۆیان لە مین و تەقەمەنی بپارێزن تاکو ناوچەکانیان لە پاشماوەکانی جەنگ پاک دەکرێنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەی کرد و ئامادەییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پێشکەشکردنی ھەر ھاوکاری و کارئاسانییەک بۆ کار و چالاکییەکانیان، دەربڕی.
ھەروەھا ھیوای خواست ڕێکخراوەکە ڕۆڵی ھەبێت لە پێشکەشکردنی بیرۆکەی گونجاو بە وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ باشترکردنی کاروبارەکانیان لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کەمپەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە ئاوارەکان و پەیڕەوکردنی باشتری بنەما نێودەوڵەتییەکان لە گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستاندا.
تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی مووسڵ و ھاتنی ژمارەیەکی زۆرتری ئاوارەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بۆیان و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
payamner-
