ئەمڕۆ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان سەرۆکی ئەنجومەنەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە دوای کۆبوونەوەکە ڕێکیان خست ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو و نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەم بارەوە گوتی: "ئەمساڵ هەوڵ دەدەین ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت، تاوەکوو ئەو بارە گرانە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کەم بکەینەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە پێکەوە هاووڵاتیی کوردستانین و دەبێ دەمارگیریی ناوچەیی نەهێڵین، پێشمەرگە بە یەک ڕۆح و گیان بەرگری لە وڵات دەکەن، ئێمەش دەبێ بە هەمان ڕۆحیەت هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەین."
لە بەشێکی دیکەدا نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە ڕی گەیاند "سەردانی هەولێرمان کرد، سوپاسی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەکەین کە پڕۆژەیەکی بۆ مووچە و پاشەکەوتەکە و چەکی بانکی هەبوو، ئێمە پشتیوانی دەکەین و بۆچوونی خۆمان لەبارەیەوە دەبێت. هیوادارین کەمێک باری قورسی سەرشانی فەرمانبەران سووک بکرێت. ئەگەر متمانە لە نێوان فەرمانبەران و حکوومەت کەم بووبێتەوە، وا بکرێت متمانە بگەڕێتەوە."
هاوکات عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ فراوان بوو، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتمان لەگەڵدا بوو کە لە ئەنجومەنی وەزیرانیش لە لێژنەی قەیرانەکاندا ڕاوێژکارە، ئەوە ئاسانکاری دەبێت بۆ گەیشتنی داواکانمان. حکوومەت بە پڕۆژەکە دڵخۆشە، بەڵام میکانیزم و چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوان فەرمانگەکان و حکوومەت هێشتا ماوە، ئێمە ئومێدمان بە پڕۆژەکە هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئازاد حەمە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی "ئێمە پشتیوانی لە پڕۆژەکە دەکەین، پێشتریش بەرنامەمان هەبووە کە هاوشێوەی پڕۆژەکەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بووە."
باسنیوز
