سۆران.. گرووپێک ھاوکاری ژمارەیەک لە خانەوادەی شەھیدانی شەڕی داعش دەکەن
سامر ئازاد، بەرپرسی گرووپی نیشتمانپەروەرانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە درێژەی کاروچالاکیەکانماندا ئەمڕۆ دووشەممە 9/1/2017 بە ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، برێک پارەمان وەک ھاوکاری دارایی بەسەر 20 خێزان و کەس و کاری شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش دابەشکرد".
بەرپرسی گرووپی نیشتمانپەروەرانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "لەو ھاوکارییەشدا ڕەچاوی ئەو خێزانانەمان کردووە کە زۆر کەم دەرامەتن و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە ھەبوو، ھیوادارین بتوانین لە داھاتووشدا دەستی ھاوکاری بۆ سەرجەم خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان درێژ بکەین".
لای خۆشیەوە ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی سۆران، ئەم ھەنگاوەی گرووپی نیشتمانپەروەرانی کوردستان، بە بەرزنرخاندوو بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ جاری پێنجەمە ئەم گرووپە خۆبەخشە ئەم کارە جوانە ئەنجام دەدات، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە کە ھاوکارمانن بۆ خزمەتکردن بە کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان".
bas news-
