حكومەت كاتی دەستكاریكردنی مووچەی راگەیاند

حكومەت كاتی دەستكاریكردنی مووچەی راگەیاند
بریكاری وەزارەتی دارایی كاتی دەستكاریكردنی مووچە دیاریدەكات و رایدەگەیێنێ، دوای نەورۆز پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەراندا دەكرێ.‌

رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا رایگەیاند، باری دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 باشتر دەبێ و ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ لە بەرزبوونەوە، دوای نەورۆز پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەراندا دەكرێ‌.

رابەر سدیق لەسەر بنەمای سێ گریمانە پێشبینی دەكات باری دارایی هەرێمی كوردستان لە 2017 باشتر بێت لە 2016، ئەوانیش:

یەكەم، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە ئەوا كاریگەری باشی دەبێت لەسەر داهات و باری دارایی هەرێمی كوردستان.

دووەم، پێداچوونە و چاكسازی لە هەیكەلی وەزارەتی دارایی و باشتركردنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی كوردستان.

سێیەم، كەمبوونەوەی خەرجیی شەڕی داعش و تیرۆر. چونكە ئەم شەڕە بارگرانییەكی گەورەی لەسەر حكومەت دروستكردووە. بۆیە ئەگەر شەڕەكە سووكتر بێت، خەرجی و تێچوونی كەم دەبێتەوە. دەكرێت ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ خەرجیی شەڕ و تیرۆر بەكاردەهێنرێ‌، لە بری ئەوە بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەكاربهێنرێت.

رابەر سدیق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەدڵنیاییەوە زیادبوونی داهاتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر مووچەخۆران دەبێت. بە باوەڕی ئەو ئەم باشبوونە لەسەر دوو هەنگاو دەبێ:

هەنگاوی یەكەم، دڵنیابوونە لەوەی حكومەت بتوانێ مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدات.

هەنگاوی دووەم، پێشبینی دەكرێت لە دوای نەورۆز دەست پێبكات، پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەكەوت و زیادكردنی مووچە. چونكە گوزەرانی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی خراپە.







رووداو -
Top