وەزارەتی رۆشنبیری یەك مانگ مۆڵەت دەداتە كەناڵەكانی راگەیاندن
لە سێ پارێزگای باشوری کوردستان زیاتر لە 300 دەزگای راگەیاندنی بینراو خوێنراو و بیستراو هەیە، زۆربەشیان مۆڵەتیان نوێ نەکردوەتەوە وەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەتی 30 رۆژ دەداتە ئەو کەناڵانە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان، ئەو300 کەناڵەش بڕی زیاتر لە ملیارێك دینار قەرزاری وەزارەتی رۆشنبیرین.
فەرھەنگ گۆمەشینی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە كوردستان24 گوت: "ئەو بێسەروبەرییەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە ھەرێمی كوردستان دەرھاوێشتەی فەوزای سیاسییە".
داواشیكرد كە ھەموو لایەنە سیاسییەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن ھاوكاریان بن بۆ شاككردنی ئەو بێسەروبەرییەی لە شێوەی كاركردنی كەناڵەكانی راگەیاندن ھەیە.
سمکۆ محمەد سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێ: "تا ئێستا ھیچ یاساییەك نییە بۆ لێپرسینەوە و رێكخستنی كەناڵەكانی راگەیاندن، كاتی خۆیی وەزارەتی رۆشنبیری لە رێگەی لیژنەیەك چەند رێنماییەكیان داڕشتووە، بەڵام دوور و نزیك سەندیكای رۆژنامەنووسان ئاگاداری خاڵ و بەندەكانی ئەو رێنماییانە نییە".
K24
