ئێران دەرگای کۆڵبەری بە ڕووی پارێزگای هەڵەبجە دادەخات
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە هەورامانەوە دەست (باسنیوز) کەوتووە، ماوەی هەفتەیەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرگای مەرزی (شۆشمێ-بۆ کۆڵبەری)ی داخستووە کە پێشووتر لەژێر چاودێریی هەردوولا بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەکرایەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان سنووری کوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕی بکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەندێک ناوچەی سنوورەکانی هەڵەبجە و دانانی بازگە بۆ وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک، ئەو مەرزە لەلایەن ئێرانەوە بۆ کۆڵبەری داخراوە.
لەمبارەیەوە نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو مەرزە فەرمی نییە و بە چاودێریی هەردوو حکوومەت بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە لە سنووری ئێرانەوە جاروبار دەکرێتەوە و جاروبار دادەخرێت، جاری واهەیە بۆ ماوەی یەک هەفتە دادەخرێت”. ئەوەشی ڕەت کردەوە کە ئاگادار بن بەهۆی چالاکیی پەکەکەوە مەرزەکە داخرابێت، بەڵام: “هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مەرزی شۆشمێ بکرێتە نێودەوڵەتی".
bas news-
