پەکەکە و داعش مێردمنداڵانی هەڵەبجەیان راکێشاون؛ تا ئێستا 42یان کوژراون

 پەکەکە و داعش مێردمنداڵانی هەڵەبجەیان راکێشاون؛ تا ئێستا 42یان کوژراون
(گوڵستان ئەحمەد) بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە دەڵێ، هۆکاری چوونی مێردمنداڵ لە هەڵەبجەوه‌ بۆ نێو گرووپی تیرۆریستان و داعش به‌ هۆی باکگراوندێکی دینی و دۆخی خراپی ئابوورییانەوەیه‌. بەگوێرەی زانیارییەکانیش 42 مێردمنداڵ لە سنووری هەڵەبجە کە لە نێو گرووپە چەکدارییەکان و تیرۆریستان بوونە کوژراون.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، لە لایەن نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە و یونسکۆوه‌ لە هەڵەبجە گفتوگۆیەک رێک خرا، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆچی ئەو مێرمنداڵان لە هەڵەبجە چوونەتە نێو تیرۆریستان و گرووپە چەکدارییەکان، پێوەست بەم پرسە، (گوڵستان ئه‌حمه‌د) به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی مافی مرۆڤ له‌ هه‌ڵه‌بجه،‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ''ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌ئاماده‌بوونی شاره‌زایانی بواری منداڵان و هێزه‌ چه‌كدارەكان گفتوگۆمان پێوەست بەو مێردمنداڵانە کرد کە لە هەڵەبجەدا چوونەتە نێو تیرۆریستانەوە.''

دەشڵێ، پێشووتر ئەو مێردمنداڵانە دەچوونە نێو گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە و دوای ئەوەی کە داعش هات روویان کردە تیرۆریستانی داعش.

ئاماژەیشی دا، ''دوای لێتوێژینەوە لەسەر ئەم پرسە، بۆمان دەرکەوت کە بەهۆی ئەو باکگراوەندە دینییەوەیە کە ئەو مێرمنداڵانە لەو ناوچەیەدا دەچنە نێو گرووپە تیرۆریستییەکان و دواتریش بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییه‌وه‌، بۆیە ئەو دوو هۆکارە لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە حکوومەتدا گفتوگۆی لەسەر دەکەین.''

(گوڵستان ئەحمەد) گوتیشی، ''هەر بەپێی لێتوێژینەوەکەی ئێمە ئەو مێردمنداڵانەی دەچنە نێو تیرۆرستان لە هەڵەبجەدا تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 17 ساڵانە و، تیرۆریستانیش کردویانن بە تۆڕێک بۆ ئەوەی هاوڕێکانیان و گەنجانی دیکەی پێڕاکێشن.''

ئاشکرایشی کرد، کە کۆمەڵێک لە مێردمنداڵی دیکەش هەن کە چوونەتە نێو پەکەکە و بوون بە گرووپێکی چەکداری.
بە گوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا 42 لەو مێرمنداڵانەی هەڵەبجە کە پێوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردووە کوژراون.
kdp-
Top