ھەندێک بەنزینخانەی کوردستان ماددەیەکی شێرپەنجە بڵاو دەکەنەوە

ھەندێک بەنزینخانەی کوردستان ماددەیەکی شێرپەنجە بڵاو دەکەنەوە

بەپێی زانیاریەکان ھەندێک لەو بەنزینخانانە لە دەستکاریکردنی کوالێتی بەنزین ماددەی (بەنزۆل) بە جۆرێک دەستکاری دەکەن کە دەبێتە ھۆی بڵاوکردنەوەی ماددەیەکی ژەھراوی کە ھۆکارێکە بۆ بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە.

مادەی بەنزۆل بە مەترسیدارترین ماددەی ژەھراوی دادەنرێت و ھۆکارێکی مەترسیدارە بۆ بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە لە نێو خەڵکدا ئەویش دوای ئەوەی لە رێگەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل بڵاو دەبێتەوە.

مستەفا تەھا جەبار بەڕێوبەری دابەشکردنی سوتەمەنی ھەولێر لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە باسی ڕاگەیاند: تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بەنزینخانەکان و بەھۆی سەرپێچیەوەش چەندین بەنزینخانە داخراون، گوتی: لەسەر خراپی و دەستکاریکردنی کوالێتی بەنزین لەمساڵدا ٦٠ بەنزینخانەمان لە ھەولێر داخستووە.

لە ساڵی ٢٠١٥ بەھۆی پابەند نەبوون بەرێنماییەکان و دابەزاندنی ئۆکتانی بەنزین لە پارێزگای ھەولێر ٩٠ بەنزینخانە فەرمانی داخستنیان بۆ دەرکرا.

ئاماژەی بەوەدا ئەو بەنزینخانانەی سزا دراون و داخراون ئۆکتانی بەنزینیان دابەزاندووە و رێژەی گۆگرد لە بەنزینەکانیان زۆرە، گوتیشی: ١١ پشکنینمان ھەیە کە تیمەکانی ئێمە بۆ بەنزین ئەنجامی دەدەن ئەگەر لەو ١١ پشکنینە لە ١٠ پشکنینیش دەرچێت لە یەکیان دەرنەچێت ئەوە ئەو بەنزینخانەیە دادەخەین وسزای دەدەین.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ماددەی شێرپەنجە لە رێگەی بەنزینخانەکان مستەفا تەھا زانیاریەکانی دووپات کردەو و گوتی: ماددەی بەنزۆل ھەیە کە بەپێی ستاندارد نابێت لە یەک زیاتر بێت بەڵام ھەندێک بەنزیخانە ھەبووە رێژەی ماددەی بەنزۆلیان ٢ یان زیاتریش بووە بۆیە ئەو بەنزینخانانە داخراون و سزای ماددیش دراون، ئەو ماددەیە لە ستانداردی خۆی زیاتر بێت دەبێتە ھۆی بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە.

بەڕێوبەری دابەشکردنی سوتەمەنی ھەولێر روونی کردەوە ھەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات سەرەتا ٣ رۆژ داخستن و بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە،دووەم جار ملیۆنێک غەرامە و ٦ رۆژ داخستە، سێیەم جار ٢ ملیۆن و ١٠ رۆژ داخستن، چوارم جار ٤ ملیۆن و ١٥ رۆژ داخستن، گوتیشی: ناتوانین بە یەکجاری پێیان دابخەین تەنھا غەرامە و ماوەیەک داخستن ھەیە.

لە سنوری پارێزگای ھەولێر نزیکی ٢٥٠ بەنزینخانەی جۆراوجۆر ھەن بە گوتەی بەرپرسەکەی سوتەمەنی ھەولێر بۆ ساڵی ٢٠١٧ ئیجرائاتی بەدواداچوون بۆ بەنزینخانەکان توندتر دەکەن.

ئەو لە بارەی ئەو بەنزینانەی لە بازاڕەکانی کوردستان ھەیە دەڵێ: بەنزینی ئێرانی و تورکی و تورکمانستان و عێراقی و بەنزینی پاڵاوگەکانی خۆمان ھەیە زۆرتر ئەوانەی دەستکاری کوالێتیەکانیان دەکرێت بەنزینی موحەسەنە.

د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەمان سەرچاوەی را گەیاند: بەنزین بۆخۆی ھۆکارێکە بۆ شێرپەنجە و زیادکردنی ماددەی بەنزۆلیش مەرسی بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە زیاتر و زۆرتر دەکات
payamner-
Top