بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا : نرخی کارەبای ڤێلا و مەزرەعەکان زیاد دەکرێت
دوای ماوەیەک دیراسەکردن، وەزارەتی کارەبا بڕیاری زیادکردنی کرێی کارەبا لەسەر ڤێلا و باخەکانی دەرەوەی شارەکان دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: پاش ئەوەی لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی کارەبای پارێزگاکان دیراسەی تەواوی بۆ کرا زیادکردنی کرێی کارەبا لەسەر ئەو ڤێلا و مەزرەعانەی کە لە دەرەوەی شارەکانن لەم مانگەوە چۆتە بواری جێبەجێکردن.
بەپێی زانیاریەکان کرێی ئەو شوێنانە بۆ دووبەرامبەر زیاد کراوە, ئەو بڕیارە ڤێلا و مەزڕەعەکانی ھاوڵاتیان وبەرپرسان دەگرێتەوە ئەوەش پابەندی بڕیارەکە نەبێت کارەبای دەبڕدرێت.
حسێن حەمەد بەرێوبەری گشتی کارەبای ھەولێربە باسی راگەیاند: پێشووتر لە رێگەی وەزارەتی کارەبا ئاگادارکراینەوە بۆ ئامادەکردنی دیراسەتێَک بۆ زیادکردنی کرێی کارەبای باخ و ڤێلاکان، گوتیشی: مەبەست لە ڤێلاکان ئەوانەن کە لە دەورووبەری شارەکان و ناوچە دوورەکانیش دروستکراون، باخەکانیش باخی گەشتیاری دەگرێتەوە نەک باخی بەرووبوومی کشتوکاڵی.
ئەو ئاماژەی بەوەدا و گووتی:ئێمە زانیاری خۆمان داوە کە چەند باخ و ڤێلاھەیە و چەند کارەبا بەکاردەھێنن و پێویستە کرێکانیان چی لێ بکرێت.
ئاشکراشیکرد تەنھا لە سنووری ھەولێر زیاتر لە ھەزارڤێلا و باخی گەشتیاری ھەیە و کارەبایەکی زۆریش بەکاردەھێنن و لەو کاتانەی چۆلیشن کارەبا بەفیڕۆ دەدەن، گوتیشی: پێشووتر پارە لەم شوێنانە وەرگیراوە بەڵام کەم بووە و وەکو ھاوبەشی ماڵان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە بەڵام لەمەودوا مامەڵەیەکی تر دەکرێت.
حسێن حەمەد چۆنیەتی دەستنیشانکردنی کرێی کارەبای ھاوبەشی ماڵانی روونکردەوە و گوتی: بۆ نمونە ھاوڵاتیەک لە مانگێکدا ٤٥٠یەکەی کارەبا خەرج بکات ھەریەکەیەک لەسەرووی بە ١٥ دینار ئەژمار دەکرێت،بەڵام ئەگەر لە ٤٥٠ تێپەری کرد بۆ ٩٥٠ یەکە ئەوە ٤٥٠ی دووەم دەبێتە ٢٠ دینار چەند زیاتر بێت پارەکەی زیاتر دەبێت، بەڵام بۆ ڤیەلاکان بەم جۆرە نیە و زیاتر دیاریکراوە.
payamner-
