پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساخارۆڤی بەخشییە دوو کچە کوردی ئێزدی

پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساخارۆڤی بەخشییە دوو کچە کوردی ئێزدی
پەرلەمانی ئەورووپا لە ستراسپۆرگی فەرەنسا لە ڕیوڕەسمێکی فەرمیدا خەڵاتی سەخارۆڤی بە دوو کچە کوردی ئێزدی لەمیعە بەشار حەجی و نادیە موراد بەخشی.

ئەمڕۆ سێشەممە 2016 -12- 13لە ستراسپۆرگ لە فەرەنسا ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵات ساخارۆڤ بە فەرمی بەخشرایە هەردوو کچە کوردی ئێزدی و هەردووکیان بەجیا دوو وتاریان پێشکەش کرد کە بووە جێی سەرنجی ئامادەبوان.

لەمیعە بەشار، سەرەتا لە واتارێکەدا گوتی "من باوەڕەم نەدەکرد کە جارێکی دیکە بە چاوەکانی خۆم ببینم و ڕێکخراوێکی ئەڵمانی یارمەتیی دام و ئێستا دەتوانم بە چاوێکم دونیا ببینم، ئەم خەڵاتە بۆ من خەڵاتێکی زۆر مەزنە و ئێزدی بوون بووە قوربانیی زوڵم و زۆر و تیرۆر و هیوادارم ئێوە نەهێڵن جارێکی دیکە تاوانی وا ڕووو بدات، و داواکارم بە یاسا و دادپەرەری تاوانباران سزا بدرێن."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە خوازیاری ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی دین و ئایینەکانین و داوا لە ئەورووپا دەکەین کە یارمەتیمان بکەن هەتا ناوچەکانی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە و دەبێ کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بە جیدی پاڵپشتیمان بکات."

لە کۆتاییدا گوتی "ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەین بەو کچ و زارۆکانەی کە ئێستا لەناو کەمپەکاندا دەژین."

هەروەها نادیە موردایش لە وتارێکیدا گوتی: "داعش ئامانجی ئەوە نییە ژیان بە خەڵک ببخەشێ، بەڵکوو بڕیاری قڕکردنی گەلانی داوە، من لە دایکمەوە فێر بووم کە بە بەزەیی بم و هەموو گەلانی دیکەم پێش گەلی خۆم خۆش بوێت، داعش دایکی منی فڕاند کە باوەڕی بە گەوهەری مرۆڤایەتی هەبوو، چونکە لەگەڵ سەدان ژنی دیکەی ئێزدی ڕازی نەبوون ببنە کۆیلەی سێکسیی داعش."

نادیە موراد ڕاشیگەیاند "ئایا ئێمە جارێکی دیکە دەگەیێنەوە خاکی خۆمان؟ زیاتر لە ٧٥ هەزار ئێزدی ئێستا لە ئەورووپا و بەتایەبت ئەڵمانیا دەژین و سوپاسی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا دەکەین کە پاڵپشتمان بوون و ئیستا بە سەدان هەزار ئێزدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەبێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە."

لە کۆتاییدا گوتیشی "پێویستە ئەورووپا ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو پێکەوەژیانی کولتوورەکان و ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی مەترسیی تیررۆر بووەتەوە کە دەبێ لەگەڵ کۆمەڵگەی موسڵمان بگەیەن ئەو قەناحەتەی دەبێ مزگەوتەکان ببنە ناوەندی پێکەوەژیان، نەک ناوەندی توندڕوەی و تیرۆر، پیویستە کەمایەتییە ئایینی و ئیتنیکەکانی عێراق بپارێزرین."












باسنيوز
Top