پەرلەمانتارێک: هەڕەشەی بەرپرسانی گۆڕان لە کۆمپانیاکان درێژکراوەی هەڕەشەکانی نەوشیروان مستەفایە
پاش ئەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە بێڕێزیکردنی بەرپرسانی گۆڕان بە کەسوکاری شەهیدان کۆتاییان پێ نەهێندرێت، ئەوا “گواستنەوەی گازی سرووشتیی چەمچەماڵ بۆ هەولێر و دهۆک ڕادەگرین”. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چەند گۆڕانخوازێک ڕایانگەیاند کە هێزیان بۆ هەڵکوتانە سەر کارگەی (دانا گاز) لە ناوچەی (قادر کەرەم) ئامادە کردووە.
لەبەرامبەردا نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئەم هەڕەشانە بۆ پشتیوانیکردنە لەوانەی کە بێڕێزییان بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کردووە، بۆیە دەبێت دەزگا ئەمنییەکان ڕێکاری تایبەت بگرنە بەر بەرانبەر بە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و گۆڕان بەرپرسیار دەبێت لە هەر ئەگەرێک بەسەر بۆڕییە گازییەکاندا بێت”. جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت دەزگا ئەمنییەکان ڕێکاری یاسایی تەواو بۆ پاراستنی دامەزراوەکان لە هەڕەشەی بەرپرسانی گۆڕان بگرنە بەر.
نازم هەرکی لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئەم هەڕەشانە درێژکراوەی هەڕەشەکانی نەوشیروان مستەفان کە لە کۆمپانیا و کارمەندی کۆمپانیاکانی دەکرد، ئەوان هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڕەشانەدا ئێستا دووبارە هەڕەشە لە کۆمپانیاکان دەکەن”.
باسنیوز
