خۆپیشاندەرانی هەولێر گلەیی لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن

 خۆپیشاندەرانی هەولێر گلەیی لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن
لە میانی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ سێشەممە 13\12\2016ی بەردەم دادگای هەولێر کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ڕێکخراوە، وتاری خۆپیشاندەران خوێندرایەوە و تێیدا ڕەخنەی توندی لە لایەنە سیاسییەکان کرد.



لە وتاری خۆپیشاندەراندا ئاماژە بەوەدرا: ”نیگەرانین لە حزب و کەسایەتی و لایەنەکان کە خاوەن شەهیدن، لەو جنێوانە بێدەنگن کە بەرامبەر کەسوکاری پێشمەرگە گوتراوە“.



هاوکات کەمپینی بەرگری لە کەسوکاری شەھیدانی کوردستان داوا دەکەن، داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان داوای یاسایی لە دژی وتەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان بجووڵێنێت.



وتاری نوێنەری بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان کە لە لایەن یەکێک لە کوڕانی شەهید هوجام (ئەو پێشمەرگەیەی لەلایەن ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە شەهید کرا)، ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەو کەس و لایەنانەی کە بە مەبەست پەروەردە کراون، خەنجەری ژەھراوی لە پشتی ئەزموونی کوردستان دەدەن و لە دوایین کاریشیاندا ئەو تێکدەرانە پەرلەمانتارێکی سەر بە بزووتنەوەیەکی ھەوڵدەر بۆ کەرتکردنی کوردستان سووکایەتی بە ھێزەکانی پێششمەرگەی کوردستان دەکات و ناوی کەسوکاری شەھیدانی کوردستان دەزڕێنێت، بەڵام ئێمەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ھەمیشە بە یەکڕیزی و بەرگریکردن لە خاکی کوردستان لە یەک سەنگەرەوە وەڵامی ئەو جۆرە کەسانە دەدەینەوە و سکاڵاش لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکەین“.


خۆپیشاندەران ئەوەی ئاشکرا کرد کە نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگەی یەکە جیاوازەکان لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن و ژمارەیەک فەرماندەی باڵاشیان لەنێودایە کە دیارترینیان مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری گوڵان بەشدارن.







Top