عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، باژێروانی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی بۆ هەولێر و دهۆك دەکات

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، باژێروانی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی بۆ هەولێر و دهۆك دەکات
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە هاوكات باژێروانی بزووتنەوەكەیە له چەمچەماڵ، هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی سنووری چەمچەماڵ بۆ هەولێر و دهۆك دەكات. قائیمقامی شارۆچكەكەش دەڵێت‌، هەر كەسێك سەرپێچی بكات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 12-12-2016 عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، باژێروانی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ئەو بزووتنەوەیە هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی سنووری چەمچەماڵی بۆ هەولێر و دهۆك کرد.

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو قسانەی من نووسیمە لە فەیسبووك رای خۆمە. ئەگەر پارتی خۆپیشاندان لە ناوچەكانی خۆی دژی گۆڕان و ئەندامانمان بەكاربهێنێت‌، سوكایەتی بە پەرلەمانتارانمان بكات، منیش لە ناوچەی شوان بەهێز قوفڵێك بە كۆمپانیای (دانا گاز)دا دەنێم و گازی سرووشتی هەولێر و دهۆك رادەگرم. تەنیا رێگە بە رۆیشتنی گازی سرووشتی وێستگەی كارەبای سلێمانی دەدەم".

لەسەر ئەو لێدوانە، ئامانج محەممەد، قائیمقامی چەمچەماڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دامەزراوە نەوتی و گازییەكان لەلایەن لیوای نەوت و گازى وەزارەتی ناوخۆوە دەپارێزرێن. "مەرجەعی ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر بڕیار و فەرمانێك لەوێوە دەربچێت ئێمە جێبەجێی دەكەین، ئەركی ئێمەش جێبەجێكردنی یاسا و رێنمایی سەرووی خۆمانە، كە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانە".

لەبارەی هەڕەشەكانی باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ، ئامانج محەممەد گوتی "هەڕەشە و قسەی كەسێك نابێتە بوونی پەرچەكرداری یەكە ئیدارییەكانی چەمچەماڵ، هیچ لایەنێكی سیاسی هەڕەشەی نەكردووە، رای كەسێكیش كاریگەری نییە. ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی ئاسایش و دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان، هەر كەسێك سەرپێچی بكات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەین".

رۆژی 29-1-2016 بە هۆی دوو بۆمبەوە بۆری گازی نێوان (كەركووك ـ ھەولێر) لەنزیك ناوچەی شوان تەقێندرایەوە، بەو هۆیەشەوە كارەبای زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كەمی كرد، بەڵام هۆكاری رووداوەكە نەزانرا.




رووداو
Top