”هاوکاریی دارایی و کارگێڕیی بەغدا بۆ سلێمانی دەستی پێ کرد“

”هاوکاریی دارایی و کارگێڕیی بەغدا بۆ سلێمانی دەستی پێ کرد“
وەزارەتی بەرگریی عێراق بە شێوەی ڕاستەوخۆ، هاوکاریی دارایی و کارگێڕی و مووچە بە مەبەستی کردنەوەی خولێکی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆڵان، پێشکەش بە سلێمانی دەکات.



ئەمڕۆ دووشەممە 12\12\2016، شوان داودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”بۆ دەرچووانی زانکۆ، خولێکی نوێی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆڵان تەنها بۆ دەرچووانی زانکۆ دەکرێتەوە کە لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت و لە ڕووی دارایی و کارگێڕیی و مووچەوە لە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت“.



هەر لەمبارەیەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕۆژی 7\12\2016، پێشکەشکردنی داواکاری دەست پێ دەکات و تا 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.



ئەم هاوکارییەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ سلێمانی، دوای ڕێککەوتنی فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و پشتیوانیکردنی بەشێکی بەرچاوی ئەو فراکسیۆنانە لە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دێت.
bas news-
Top