خەڵکی گەرمیان لە دژی قسەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان ڕژانە سەر شەقام

 خەڵکی گەرمیان لە دژی قسەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان ڕژانە سەر شەقام
خەڵکی دەڤەری گەرمیان، لە قسەی پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانن و داوای دادگایی کردنی دەکەن.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (12\12\2016)، لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە لەدژی قسەکانی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕژانە سەر شەقام و بڕیارە وەک ناڕەزاییەک، بچنە بەردەم قایمقامیەتی شاری کەلار.

لەو خۆپیشاندانەدا کەسوکار و خانەوادەی شەهیدان پەیامێکیان خوێندەوە و ئاماژەیان بەوە کرد: “دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن لە کەسوکاری شەهیدان بکات و ئەو پەرلەمانتارە بچێتە بەردەم دادگا”.

نیگەرانیی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەکانی کوردستان، لە کاتێکدایە، پێشووتر لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)ی سەر بە نووری مالیکی، سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاندبوو، لە پێناو بژێویی ژیانیان، هەندێک لە ژنان پاش شەهیدبوونی هاوسەرەکانیان، خۆیان دەفرۆشن”. بەو هۆیەشەوە کاردانەوەیەکی گەورە لە شەقامی هەرێمی کوردستان دروست بوو و ئەمڕۆش لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بە فەرمی سکاڵای یاسایی لە دژ تۆمار کرا.














باسنيوز
Top