شنۆ.. چوار کەس لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کران

 شنۆ.. چوار کەس لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کران
ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساری شنۆ چوار هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی کار و چالاکیی سیاسی دەستگیر کردووە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵدەریی (کوردپا) هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە پارێزگای ورمێ، دوێنێ دووشەممە 2016 -12- 11 چوار هاووڵاتیی کوردیان پاش دەستبەسەرکرد، بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بەناوەکانی "شارام تایی، تەمەن 23 ساڵ کوڕی ئیسماعیل، ئەهوەند پیرۆتی، تەمەن 25 ساڵ و کوڕی ڕەسووڵ، محەمەد تایی، تەمەن 40 ساڵ و کوڕی ڕەحمان و سەلیم تایی، تەمەن 50 ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا" لە گوندی "چەشمەگۆڵ"ـی سەربە قەزای ناوەندیی شنۆ ڕووی داوە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە هێزی ئیتلاعات وەک جاران "بەبێ بەڵگەی دادوەری" و لە "کردەوەیەکی تۆقێنەر"دا چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و هەندێ لە کەرەستەی شەخسیی ئەوانیان وەکوو پەرتووک، نامیلکە و مۆبایل لەگەڵ خۆیان بردووە.

لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان، ڕاپۆرتێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام خزمانی گیراوەکان "شیمانە و گومانی" ئەوە دەکەن کە سەبارەت بە لایەنگری و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابن.

پێشتر شیرین عیبادی، مافناس و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل وێڕای ڕەخنەی توند لە کار و کردەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حەسەنی ڕۆحانی لە پێوەندی لەگەڵ گیرانی چالاکانی سیاسی بە ماڵپەڕی کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێرانی گوتبوو:" بە ڕۆحانی هۆشدار دەدەم و بە بەرپرسیاری دەزانم لە کار و سەرپێچییە یاساییەکانی نێو وەزارەتی ئیتلاعات، چوونکە ئەو وەزارەتە بەشێکی کابینەی ڕۆحانییە."

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 15 هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە کە چارەنووسی زۆربەیان ڕوون نییە.












باسنيوز
Top