دوو پەرلەمانتاری پارتی لە دهۆک سکاڵایان لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار کرد
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامینە زکری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، لەگەڵ دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی، لە دادگا سکاڵایان لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمار کردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەوانەی کار بۆ پڕۆژەی فیدڕالیکردنی پارێزگاکانی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت کەرکووک بدەنە دەست عێراق و دەڵێن پێشمەرگە میلیشیایە و سووکایەتی بە کەسوکاری شەهیدان دەکەن، ئێمە پێیان دەڵێین بەسە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داوا دەکەن لە هەموو ئەوانەی بەرگری لە کەسوکاری شەهیدان دەکەن، لە دژی ئەو جۆرە لێدوانانە بێنە دەنگ و ڕێگە نەدەن پێشمەرگە و شەهیدانی کوردستان، سووکایەتییان پێ بکرێت.
پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.
باسنیوز
