شاندێکی باڵای پارتی و بەرەی تورکمانی کۆ دەبنەوە

 شاندێکی باڵای پارتی و بەرەی تورکمانی کۆ دەبنەوە
شاندێکی باڵای پارتی دیموکرراتی کوردستان سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانیی عێراقی دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو حزبە کۆ دەبێتەوە.



شاندەکەی پارتی لە چوارچێوەی پەیامێکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەموو حزبە کوردستانییەکان کۆ دەبێتەوە.



رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2016، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حزبەکەی لەگەڵ ئایدن مەعروف، سەرکردەی باڵای بەرەی تورکمانی و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە.



لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەک راگەیەندراوە، شاندی پارتی و بەرەی تورکمانی تاوتوێی دۆزینەوەی ریگا چارەیەک بۆ کێشەکانی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.



بڕیارە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی پارتی لەگەڵ حزبەکان، شاندی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەمان مەبەست، کۆ ببێتەوە.



ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.





باسنیوز
Top