ژمارەی ئاوارەکانی موسڵ و حەویجە گەیشتە 100 ھەزار
دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، دوای بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەت بە ئاوارەکان لە میانی کۆنفرانسی پارتە سۆسیالیستەکانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی کە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد، باسی لە دواین ئاماری ئاوارەکانی شاری موسڵ و دواین گۆڕانکارییەکان کرد.
دەرباز محەمەد گوتی "لە سەرەتاوە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتووین لەسەر ئەوەی ئاوارەکان نەیەنە ناو شارەکانەوە، بەڵکو لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ بکرێن، تا ئێستە نزیکەی 100 ھەزار کەس لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون، بەڵام نزیکەی 13 ھەزار کەسیان لەماوەی ئەو چەند ھەفتەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".
گوتیشی "کەمپەکانمان لە شێخانەوە دەست پێدەکات تاوەکو خازر و حەسەن شام و ناوچەی مەخموور، لەولاشەوە لە بەشی باشوری نەینەوا لە ناوچەی گەیارە بە پلەی یەک، دواتر لە کەرکووک رۆژانە هاووڵاتییان لە حەویجەوە ئاوارەکان دەبن".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوە کرد ئامادەکارییەکانیان لە ئاستێکی باشدایە و لە ئێستادا توانای لەخۆگرتنی 120 ھەزار کەسیان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پلانیان ھەیە پێشوازی لە 500 ھەزار کەس بکەن، بەڵام بەدووری دەزانن لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی ئاوارەکان بگاتە ئەو ژمارەیە.
دەرباز محەمەد لە بارەی تێکڕای رۆژانەی ئاوارەکانەوە گوتی "لە ماوەی دوو مانگی رابردوو 100 ھەزار کەس ئاوارە بوون و لە ژێر کۆنترۆڵدان، تێکڕای ئاوارەبوونی رۆژانە دەگاتە دوو ھەزار کەس، 70%ی ئەو کەسانەش بە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان ھاتوون".
BAS NEWS-
