عێراقییه‌كان مالیکییان قه‌بووڵ نییه‌، جێی داخه‌ به‌شێك له‌ كورد بچنه‌ پاڵیه‌وه‌''

عێراقییه‌كان مالیکییان قه‌بووڵ نییه‌، جێی داخه‌ به‌شێك له‌ كورد بچنه‌ پاڵیه‌وه‌''
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك دەڵێ، بە ئاسانكاریی لایەنێكی سیاسی، سیاسەتی هێنانی حەشدی شەعبی بۆ شاری كەركوك بەردەوامە و، پرۆسه‌ی هێنان زۆر فراوان بووه‌ و چەندان بارەگایان كردووه‌تەوە.

(د.محەممەد خورشید) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ماوەیەكە لەلایەن ئیدارەی كەركووكەوە رێگە دراوە بەهاتنی هەندێك هێزی نامۆی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە شیعەنشینەكانی شاری كەركووك وەك تازە و خورماتوو.


ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌ كه‌ركووك بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند ''خۆ لای كەركووكییەكان ڕوون و ئاشكرایە كە ئەم هێزانە چەندە ناكارامە و ناشارەزان، بە تایبەت لەو 9 هێرشەی كردیانە سەر گوندی بەشیر كه‌ نەیانتوانی كۆنترۆڵی بكەن، تا دواجار هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردەوە. بەڵام سیاسەتی هێنانی حەشدی شەعبی بۆ شاری كەركووك بەردەوامە و ئێشستا زۆر فراوان بووه‌ و چەندان بارەگایان كردوونه‌تەوە بەتایبەتیش لە گەرەكی تسعین."


پێشتریش سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی له‌ كه‌ركووك بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ئاشكرای كرد كه‌ سه‌دان به‌ڵگه‌ له‌به‌رده‌ستن ده‌یسه‌لمێنن هێز و چه‌كی قورس و سووك هێنراوه‌ته‌ كه‌ركووك و پۆلیسیش پێیده‌زانێ، (د.محەممەد خورشید)یش هه‌مان زانیاریی لایه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ "هێزەكانی پۆلیس لەناو شاری كەركووك دەستیان گرتووە بەسەر چەند باڵاخانەیەكدا پڕ بووە لە چەك و ته‌قه‌مه‌نی، دواتر دەركەوتووە كە ئەمانیش هەر لەلایەن هێزی حەشدی شەعبییەوە هێنراوە. بەڵام لەبەرانبەردا ئیدارەی كەركووك نەیهێشتووە پۆلیس دەست بەسەر ئەم چەكانەدا بگرێت."


(خورشید) راشكاوانه‌ ده‌ڵێ "بە ئاسانكاریی لایەنێكی سیاسی، حەشدی شەعبی خەرێكی دروستكردنی هێزێكی فراوانن لە شاری كەركووك كە پێكهاتووە لە دوو لیوا، چەند لایەنێكی كوردییش لە ئاستی بەرز خەڵكانێكی خۆیان ناردووه‌تە ناو ئەم هێزەوە''، هه‌روه‌ها به‌ پێویستی ده‌زانێ ''دەبێ ئێمەی كورد زۆر بە وردی چاودێریی رەوشی كەركووك بكەین، دیاره‌ دوژمنانی كورد دیسانەوە چاویان بڕیوەتەوە كەركووك و بەهەر شێوەیەك بێت دەیانەوێت هێز بێننەوە نێو شاره‌وه‌. خۆ تەنیا شوێنێكیش لە كەركووك كە تائێستا ئەم هێزە نامۆیانەی تێنەكەوتووە، میحوەری رۆژئاوای كەركووكە كە بەرپرسەكەی (د.كەمال كەركووكی)ـیە."


راشیگەیاند: "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رەتی دەكەینەوە هیچ هێزێكی نامۆ بێتە شاری كەركووك؛ ئاخر نابێ رێگە بە هاتنەوەی ئەم هێزە عێراقیانە بدرێت. دەبێ دەرەوەی شار پێشمەرگە بیپارێزێ و ناوەوەیش پۆلیس و ئاسایش پارێزگاری لێ بكه‌ن كە ئه‌وانیش ئه‌ندامانی هەموو پێكهاتەكانی تێدان."
KDP-
Top