ئەردۆغان: تورکیا لەگەڵ دۆستە ڕاستەقینەکانی ماتەمینی خۆی دەگرێت

ئەردۆغان: تورکیا لەگەڵ دۆستە ڕاستەقینەکانی ماتەمینی خۆی دەگرێت
ھەر دوای تەقینەوەکانی ئەستەنبوڵ، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لەدوای تەقینەوەکان ئیتر ھۆکارێکیان نییە بۆ ئەوەی چاوەڕێی ھەڵوێستێکی جیاواز بکەن لەو وڵاتانەی کە لەجیاتی پشتگیریکردنی وڵاتەکەی پشتگیری لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی تەقینەوەکانی ئەستەنبوڵەوە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، جارێکی دیکە تیرۆر ڕووی ڕەشی خۆی لە ئەستەنبوڵ نیشاندا کە ھەموو جۆرە بەھا و ڕەوشتێک ڕەت دەکاتەوە و بە یارمەتی خوا، وەک وڵات و گەل بەسەر ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا سەردەکەون.

دەشڵێت "ھەر کاتێک تورکیا ھەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئایندە بنێت، دەستبەجێ ڕووبەڕووی خوێنڕێژی و دڕندەیی و پشێوی دەبێتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار ڕووبەڕووی ئەو ھێرشە ناپاکانە بووینەتەوە".

ھەروەھا سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "تورکیا دوای ئەم ھێرشە تیرۆریستییە خۆی برینەکانی ساڕێژ دەکاتەوە لەگەڵ دۆستە ڕاستەقینەکانی ماتەمینی خۆی دەگرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ دوو تەقینەوە لە ئەستەنبوڵ ڕویدا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە تەقینەوەکاندا ٢٩ کەس کوژراون و ١٦٦ کەسی دیکە برینداربوون کە ٢٧ لە کوژراوەکان پۆلیس بوون.





PAYAMNER -
Top