بارزانی: هیوادارم بەو بۆنە پیرۆزەوە کۆتایی بە داگیرکاری بێت

 بارزانی: هیوادارم بەو بۆنە پیرۆزەوە کۆتایی بە داگیرکاری بێت
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانای جیھان، عێراق و کوردستان دەکات.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت یادی لەدایکبوونی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) ”پەرەپێدانی گیانی برایەتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانی لە نێوان سەرجەم نەتەوە و ئایین و مەزھەبە جیاوازەکان“.

مەسعود بارزانی پێیوایە ”تیرۆریستان و دوژمنان مرۆڤایەتی“ بە ناوی ئایینی ئیسلام دڕنەترین رەفار دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن ”بنەما پیرۆزەکان“ی ئیسلام تێک دەدەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها هیوا دەخوازێ بەو ”بۆنە پیرۆزەوە دەرگەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بکاتەوە و کۆتاییش بە زوڵم و توندڕۆیی و داگیرکاری بێت و وڵاتەکەمان لە ئاسوودەیی و بەختەوەریدا بژیت“.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بسم اللە الرحمن الرحیم

بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری مەزنمان محەمەدولمستەفا (درود و سڵاوی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی جیھان و عیراق و موسڵمانانی کوردستان بەتایبەتی دەکەم.

ھیوادارم ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە ھاندەرێکی تر بۆ چەسپاندنی ھەموو واتا روحییە بەرزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەرەپێدانی گیانی برایەتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانی لە نێوان سەرجەم نەتەوە و ئایین و مەزھەبە جیاوازەکان، ڕیسواییش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە کە بە ناوی ئایین دڕندەترین ڕەفتاریان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە و ھەوڵی تێکدانی بنەما پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدەن.

ئومێد دەکەم ئەو بۆنە پیرۆزە دەرگەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بکاتەوە و کۆتاییش بە زوڵم و توندڕۆیی و داگیرکاری بێت و وڵاتەکەمان لە ئاسوودەیی و بەختەوەریدا بژیت.

والسلام علیکم ورحمە اللە وبرکاتە

مسعود بارزانی

١٢ی رەبیعولئەوەل ١٤٣٨ی کۆچی

١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ی زاینیی




باسنیوز
Top