نووسینگەکانی پارێزگای نەینەوا لە هەرێمی کوردستان دادەخرێن
رۆژی یەکشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2016، عەبدولکەریم گەیلانی، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، کە بریارەکە لە لایەن بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دراوە.
بەپیی بریارەکەی بەشار کیکی، پێویستە هەموو نووسینگەکانی حکوومەتی خۆجێی نەینەوا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان دابخرێن و ”بە زووترین کات لە ناوچە رزگارکراوەکان، دەست بەکار ببنەوە“.
هەروەک عەبدولکەریم گەیلانی رایگەیاندووەە، ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ”هاندانی هاووڵاتییانی ناوچە رزگارکراوەکانە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان“.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیارەکە دیوانی پارێزگا و ئەنجومەنی پاریزگاش دەگرێتەوە و دیوانی پارێزگا دەگوازرێتەوە شارەدێی بەرتللە و نووسینگەیەکی پارێزگاش لە گەڕەکی سەماح لە ناو شاری مووسڵ دەکرێتەوە.
دوای داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەزگا و فەرمانگەکانی پارێزگای نەینەوا لە شار و ناوچەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک کرانەوە و بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵیش، چەندین ناوچە و گەڕەکی مووسڵ رزگار کراونەتەوە.
باسنيوز
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
