ڕۆژی دوو شەممە لە بەردەم دادگای هەولێر گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت

 ڕۆژی دوو شەممە لە بەردەم دادگای هەولێر گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت
کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەی کوردستان، سبەی دووشەممە 12\12\2016، لەبەردەم دادگای هەولێر، گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن و داوای یاسایی لەدژی پەرلەمانتارێکی گۆڕان تۆمار دەکرێت.

سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، ڕایگەیاند: “سبەی دوو شەممە 12\12\2016، لەبەردەم دادگای هەولێر، خانەوادەی شەهیدان و خێزانی شەهیدانی پێشمەرگە و کۆمەڵگای مەدەنی، لە بەردەم دادگای هەولێر کۆدەبنەوە، بۆ تۆمار کردنی سکاڵا لە دژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “کەیسی سروە عەبدولواحید، کەیسێکی تایبەتە، چونکە سکاڵای زۆری لەسەر تۆمار کراوە و دەبێت قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان بکاتەوە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوانەی دەست بۆ پیرۆزییەکانی پێشمەرگە دەبەن، “ناکرێت بە سانایی ڕێگایان پێ بدرێت، قەبووڵ کراویش نییە، چونکە دوێنێ سووتاندنی ئاڵای کوردستان بوو، ئەمڕۆ سووکایەتی بە خانەوادەی شەهیدانە، سبەی نازانرێت چی ڕوودەدات".

پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.





باسنیوز
Top