دهۆک.. ژنە پەرلەمانتارێک سکاڵا لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار دەکات و لێدوانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ”لوتکەی شەرمەزارییە“

 دهۆک.. ژنە پەرلەمانتارێک سکاڵا لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار دەکات و  لێدوانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ”لوتکەی شەرمەزارییە“
ژنە پەرلەمانیتارێکی کوردستان سکاڵای یاسایی لە دژی ژنە پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمار دەکات.



ئامینە زکری، پەرلەمانتاری کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لێدوانەکەی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان ”لوتکەی شەرمەزارییە“ بەرامبەر گەل کوردستان و خوێنی شەهیدان.



ئامینە زکری بە پێویستی دەزانێ لایەنە یاساییەکان سنوورێک بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە دابنێن، چونکە سەدامن ژن و کچی کورد چوونەتە بەر پەتی سێدارە و ئامادە نەبوون سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ بکەن و هەزاران کوڕ و باوکیش خۆیان کردووەتە قوربانی، ”تاوەکو نامووس“ی ژنانی کورد پارێزراو بێت.



ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاند، کە رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2016، خۆی و دڵشاد شەعبانی پەرلەمانتاری کوردستان لە دادگای دهۆک، سکاڵای یاسایی لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار دەکەن.



پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.




باسنیوز
Top