عەبدوڵا بۆر: تەنیا داوای لێبووردن لە سروە عەبدولواحید قەبووڵ ناکەین و سازش لەسەر خوێنی شەهیدان و شەرەفی پێشمەرگە ناکرێت”
عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میحوەری کەرکووک، ڕاگەیاند: “بۆ کەس نییە سووکایەتی بە پێشمەرگە بکات، پێشمەرگە بەرگری لە شەرەف و کەرامەتی خەڵکی کوردستان دەکات، بۆیە کەسمان ڕازی نین کەسێک بێت سووکایەتی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، نەک پێشمەرگە، دەبێت خەڵک لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگە قەبووڵی ئەوە نەکات سووکایەتی بە پێشمەرگە بکرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “کەسوکاری شەهیدان پاکن، کەس زاتی ئەوەی نییە پێیان بڵێت داوێن پیس، کەس و کاری شەهیدان دڵسۆزن، بۆیە سووکایەتی بە شەهید سووکایەتییە بە زیندووەکانیش، چونکە ئەوان کاری خراپیان لێ نایەت".
عەبدوڵا بۆر لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “ناکرێت خەڵک سووکایەتی بەو شەهیدانە بکات کە وایان کردووە خەڵکی بە ئازادی بژین، بۆیە ئەوەی سروە خان کردوویەتی کە من لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێم لێ بووە، بە داوای لێبووردنێک قەبووڵ ناکرێت، بۆ نموونە کەسێک کەسێکی کوشت، بە یەک قسە بڵێت داوای لێبوردن دەکەم تەواو؟ وازی لێ بهێنرێت؟ نەخێر، ئەوەی کراوە، سووکایەتییە بەرانبەر بە خانەوادەی هەموو شەهیدان، وەک قەتیرەیەک لە دەریاش، بۆ ئەوەی کاردانەوەی دیکە نەکەوێتەوە، بابێتە سەر شاشە و وەک قۆناغی یەکەم، بڵێت داوای لێبووردن دەکەم".
پێشتر سروە عەبدولواحید، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە دابوو: ”کەسوکاری شەهیدان بۆ پەیداکردنی بژێویی منداڵەکانیان، خۆیان دەفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردانەوەیەکی یەکجار زۆر دروست بوو و فراکسیۆنی پارتی و کەسوکاری شەهیدان و چەندان لایەنی دیکە بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵایان لەدژی ئەو پەرلەمانتارە ڕاگەیاند.
باسنیوز
