دایکی شەهیدان قسەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان شەرمەزار دەکات

دایکی شەهیدان قسەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان شەرمەزار دەکات

دایکی شەهیدان لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان، نیگەرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کەسێک قسەی نەشیاو بە خانەوادەی شەهیدان بڵێت، شەرمەزاری دەکات.



پاش ئەوەی سروە عەبدولواحید، ژنە پەرلەمانتاری گۆڕان، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە کرد: ”هەندێک لە ژنانی پێشمەرگە پاش شەهیدبوونی هاوسەرەکانیان، ناچاربوون بۆ دابینکردنی پێویستییەکانیان، خۆیان بفرۆشن“، بەو هۆیەشەوە کاردانەوەیەکی زۆر دروست بوو.



لەم چوارچێوەیەدا دایکە عائیشە کە 3 کوڕی لە پێناو خاکی کوردستاندا شەهید بوون و ل ڕۆژی 23\12\2014ەوە لە لایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نازناوی دایکی شەهیدانی پێ بەخشراوە، نیگەرانیی خۆی لە قسەکانی سروە عەبدولواحید دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەداوە: ”چۆن بەمانە بڵێین کورد و نوێنەری کورد کە باسی شەرەف و نامووسی گەلی خۆیان بکەن؟“.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”ڕیسوای ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی ئەو دەکەم کە بە قسەی نەشیاو، باسی پێشمەرگە و شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان دەکەن، ڕوو ڕەش بن ئەو کەسانە“.



ئەم قسانەی دایکی شەهیدان، لە لایەن خورشید شێخ زادەی کوڕیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کراوەتەوە.



پێشتر چەندان لایەن و کەسایەتی بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەربڕیوە و بە سووکایەتیکردن وەسفیان کردووە و شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی حەفتای پێشمەرگەش پێیوایە کە “ئەم قسانەی سروە عەبدولواحید دەچێتە خانەی بێ ئەخلاقی و خیانەتەوە”. هاوکات فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستانیش بە فەرمی ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە، سکاڵایەک لە دژی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەجووڵێنن.
payamner-
Top