فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: بارزانی فەرمان بکات پێشمەرگە دەچێتە ناو مووسڵ

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: بارزانی فەرمان بکات پێشمەرگە دەچێتە ناو مووسڵ



فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی رایگەیاند: "ھەر کاتێک سوپای عێراق داوای ھاوکاری لە ھێزەکانی پێشمەرگە بکات بۆ شەڕی دژ بە داعش لە ناو مووسڵ، دڵنیام سەرۆکی ھەرێم وەڵامێکی ئەرێنی دەبێت، ھەر کاتێکیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی بکات، ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ھەموو شوێنێک ئامادەیە لە دژی داعش بجەنگێت تەنانەت لە ناو مووسڵێش".



فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشمەرگە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و بە تایبەت قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی بەجێگەیاندووە، بۆ قۆناغەکانی ئێستا و داھاتوو بەردەوام لە حاڵەتی ئامادە باشیدایە دژی تیرۆریستانی داعش بجەنگێت، ئامانجمان تۆڵە کردنەوە نیە لە داعش، بەڵکو ئامانجمان لە نەھێشتنی داعش نەھێشتنی ھەڕەشەیە لەسەر ھەرێم و ناوچەکە بە گشتی".



لەبارەی ئەوەی ئەگەر سوپای عێراق داوای ھاوکاری لە پێشمەرگە بکات بۆ شەڕی دژ بە داعش لە نێو مووسڵ، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایگەیاند: " بڕیاری جوولەی سەربازی بە ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەست سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانییە، لەو باوەڕەدام ھەر کاتێک سوپای عێراق داوای ھاوکاری لە ھێزەکانی پێشمەرگە بکات بۆ جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە نێو مووسڵ، سەرۆک بارزانی وەڵامێکی ئەرێنی دەبێت. چونکە داعش دوژمنی ھاوبەشی ھەموو لایەکمانە و بوونی داعش و مانەوەیان لە ناوچەکەدا ھەڕەشەیە".



لیوا عەزیز وەیسی راشیگەیاند: "ھەر کاتێک سەرۆکی ھەرێم کە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمیشە، فەرمان بکات بۆ جوولاندنی ھێزەکانی پێشمەرگە، پێشمەرگە بە ھەموو توانایەکی ئامادەیە دژ بە تیرۆریستانی داعش بجەنگێت جا لە ھەر شوێنێک بێت، نەک تەنھا مووسڵ و دەوروبەری".



فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەبارەی مانەوە یان کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە تازە کۆنتڕۆڵکراوەکانی دەشتی نەینەوا گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەی نێوان ھەرێم و بەغدا بە چاودێری ئەمریکا کراوە لەسەر ئەو ناوچانەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەیەوە، بەھیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە لانادات".



فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی گوتیشی: "لەکاتی ھەر پێشێلکارییەک لەو رێککەوتنەی لە نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەسەر ئەو ناوچانەی لەلایەن پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە بێتە ئاراوە، ئەو کاتە ئێمەیش ھەڵوێستێکی دیکەمان دەبێت".
payamner-
Top