باباشێخ داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ئێزیدییەكان دەكات
بابا شێخ خەرتو حاجی ئیسماعیل، رابەری ڕۆحیی ئێزیدییەكان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای دەكات، ئەو بڕیارەی دەریكرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژنانەی پێشتر دیلی ژێر دەستی داعش بوون یارمەتی داون بۆ زاڵبوون بەسەر كلتورێكی پێشتر بۆ قبوڵكردنەوەی ئەو ژنانەی دەستدرێژیان كراوەتەسەر، تەنانەت ئەگەر لەژێر فشاریدابووبن.
بابا شێخ لەمانگی شوباتی ساڵی 2015 بڕیارێكی دەركرد كە تێیدا هاتبوو "ئەو ژنانەی ڕزگاردەكرێن لەژێر دەستی داعش بەئێزیدی پاك دەمێننەوە." داوای لەهەموو كەسێكیش كرد كە هاریكاریی ئەو قوربانیانە بكەن تا بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیانو تێكەڵ بەكۆمەڵگا ببنەوە.
لەسەرەتای مانگی ئابی 2014 كاتێك چەكدارانی داعش شارۆچكەی شەنگالیان داگیركرد، هەزاران ژنو منداڵیان بەدیل گرتو بەشێكی زۆری ئەو ژنانەش بەوەك سەبایا مامەڵەیان لەگەڵ دەكراو دەستدرێژی سێكسییان كرایە سەر. لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا سەدان لەو ژنانە بەشێوازی جیاواز ڕزگاركراونو گەڕاونەتەوە ناو خێزانەكانی خۆیان.
"لەگەڵ فەڕەنسییەكان، ئەڵمانەكان، واشنتۆن قسەمان كردوە، چوین بۆ مۆسكۆ (...) ئەوە دەكەوێتەوە سەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا باشترین رێگا بدۆزنەوە بۆ پاراستنی ئێزیدییەكان دوای نەمانی داعش." بابا شێخ وادەڵێت.
هێشتا زیاتر لە سێ هەزارو 500 ژنی ئێزیدی لەژێر دەستی داعشدا ماون، ئەوەش بەوتەی حسێن قاعیدی، بەڕێوەبەری بەشی كاروباری ڕفێندراوی ئێزیدییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە هەوڵەكانی ئەوان بەردەوامی بۆ ئازادكردنی ئەوانەی لەژێر دەستی داعش ماونەتەوە، بەبێ ئەوەی بچێتە وردەكاری چۆنیەتی ئەو هەوڵانەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت لەرێی تۆڕێك لە "كەسانی باش"ەوە هاوكاری دەكرێن.
XANDAN-
