ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایی له‌ هه‌ولێر دژی لێدوانی سروە عەبدولواحید ڕێكده‌خرێت

ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایی له‌ هه‌ولێر دژی لێدوانی سروە عەبدولواحید ڕێكده‌خرێت


وەکو ناڕەزاییەک لەبەرامبەر لێدوانی پەرلەمانتاری گۆڕان وابڕیارە ڕۆژی شەممە ڕێپێوانێکی ناڕەزایی فراوان لەناو بازاڕی شاری ھەولێر بەڕێوەبچێت.

سروە عەبدولواحید، ژنە پەرلەمانتاری گۆڕان، لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشکاوی)ی کەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە داوە: "ژنانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی خواردنی منداڵەکانیان دەستکەوێ، خۆیان دەفرۆشن". ژمارەیەک چالاکوان و کەسایەتی شاری ھەولێریش لەدژی ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە گردبوونەوەیەک ساز دەکەن.

ژمارەیەک زۆر لە ئەکاونت و پەیجی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھاتووە "ئامادەین بۆ رۆژی شەممە رێککەوتی (١٠-١٢-٢٠١٦)) کاتژمێر (١٠:٣٠) لە (باغی شار)ی ناو بازاڕی شاری ھەولێر وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەھیدان و خانەوادە سەربەزەکانیان و پشتگیری لە پێشمەرگە قارەمانەکان بەشدار بین لە سازدانی رێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنی لێدوان و سوکایەتیەکانی پەڕلەمانتاری گۆڕان (سروە عبدالواحید)کە بەرامبەر بە خوێن و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان کردی" .

بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک چالاکوان و کەسایەتی ناسراوی شاری ھەولێر بەو ڕێپێوانە ھەڵساون و ژمارەیەکی زۆریش لە بەکارھێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە لەو گردبوونەوەیەدا بەشداربن.
PAYAMNER-
Top