وەزیری خوێندنی باڵا: دەمانەوێ زانکۆکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان پشت بە داھاتی خۆیان ببەستن

وەزیری خوێندنی باڵا: دەمانەوێ زانکۆکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان پشت بە داھاتی خۆیان ببەستن



وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ھەوڵەکانی وەزارەت بەردەوامە بۆ سەربەخۆی دارایی زانکۆکان و، پشت بەستنی زانکۆکان بەداھاتی زانکۆکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان.



ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی دیدارێکی نێوان لەگەڵ "مارک ئایشھۆن" کونسڵی کۆنسڵگەری گشتی ئاڵمانیای فیدراڵ و خاتوو "ئیلیزابێت پلیستەر" لە ڕێکخراوی "UNHCR" ھات.



لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونی د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، (د.لارس کێنتەر) لێپرسراوی سیاسی و کاروباری مرۆیی لە کۆنسڵگەری ئاڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی (٧/١٢/٢٠١٦) بەڕێوەچو، بارودۆخی خوێندنی خوێندکاران لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.



لەسەرەتای دیدارەکەدا کونسڵی گشتی ئاڵمانیا ئامانجی سەردانەکەی بۆ وەزارەت خستەڕو و وتی: ئێمە ھاتوین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیەکی ھاوبەشی نێوان ئاڵمانیا و ڕێکخراوی (UNHCR)، کە تایبەتە بە ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئاوارە لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان. وتیشی ئەم بەرنامەیە ئامادەکاری زۆر بۆ کراوە، بۆیە خوازیارین بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی زانکۆکان و قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان ھاریکارمان بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە بۆ ئەوەی خوێندکارانی ئاوارە سود وەرگرتن و بتوانن خوێنن تەواو بکەن.



لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: بەر لەسەرھەڵدانی قەیرانی دارایی ھاوکاری زۆری ئاوارەکانمان کردو، دەرفەتی خوێندمان لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕەخساندوە، بەڵام لە وەتەی ھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی بۆتەوە باری دارایی زانکۆکان-یش قورس بوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا داوام لە ھیچ ڕێکخراو و حکومەتێک نەکردوە ھاوکاریمان بکەن، بەڵکو لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ھەنگاو بەرەو سەربەخۆی دارایی زانکۆکان)، زانکۆکانی کوردستان پشت بەداھاتی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان ببەستن، بۆیە پێشوازی لەو پڕۆژەیەی ئێوە دەکەین بۆ ھاوکاریکردنی خوێندکارانی ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەھەمان شێوە دەبێتە پاڵپشتیەکی دارایی بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان.
payamner-
Top