برایەکی دکتۆر وشیار ئیسماعیل لە مزگەوتی عومەر بندیان وتاری هەینی پێشکەش دەکات

برایەکی دکتۆر وشیار ئیسماعیل لە مزگەوتی عومەر بندیان وتاری هەینی پێشکەش دەکات
دوای ئەوەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خانەوادەکەی سەرپشک کردوون لەوەی کەسێک لە شوێنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل بۆ وتارخوێندنەوە سەرپشک بکەن، چاوەڕێ دەکرێت برایەکی ئەو مامۆستا ئایینییە تیرۆرکراوە، وتار پێشکەش بکات.



مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوێنێ پێنجشەممە 24\11\2016، لە پرسەی دکتۆر وشیار ئیسماعیلدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە وەکالەت، بە خانەوادەی دکتۆر وشیاری ڕاگەیاندووە کە بۆ وتاری ئەم هەینییە، کێشەمان لەگەڵ دیاریکردنی ھیچ کەسێکدا نییە لە شوێنەکەی وتار بخوێنێتەوە".



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ڕۆژانی داھاتوودا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کەسێک وەک وتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیان دەستنیشان دەکات. گوتیشی: "لە دانیشتنی دوێنێی نێوان وەزیری ئەوقاف و ئەندامانی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئایینی، پێشنیارم کردووە کە مزگەوتی عومەر بندیان بە ناوی (دکتۆر وشیار)ەوە بکرێت و لەلایەن زۆرینەی ئەندامانەوە پەسەند کراوە، بەڵام دەبێت ڕەزامەندیی دروستکەری مزگەوتەکە وەربگیرێت، پێشنیاریشم کردووە کە ئەگەر خاوەنەکەشی ڕەزامەندی نیشان نەدا، یەکێک لەو مزگەوتانەی لە ھەولێر لە حاڵەتی دروستکردندان، پاش تەواوبوونیان، بە ناوی دکتۆر وشیارەوە بکرێت".



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەمڕۆ هەینی 25\11\2016، مامۆستا کەمال ئیسماعیل، ئەندامی ناوەندی زانایانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و برای دکتۆر وشیار ئیسماعیل، لە شوێنی براکەی، لە مزگەوتی عومەر بندیان، وتاری ھەینی دەخوێنێتەوە.



دکتۆر وشیار ئیسماعیل، ساڵی 1976 لە دایکبووە، ساڵی 1999 مۆڵەتی زانستی مەلایەتی وەرگرتووە، ساڵی 2003 کۆلێژی تەواو کردووە، ساڵی 2007ئ بڕوانامەی ماستەری لە بواری تەفسیر بە دەستھێناوە و لە لە ٢٠١٣ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری تەفسیر بە دەستھێناوە. 13 ساڵە وتاربێژی دەکات، خێزاندارە و خاوەنی کوڕێک و چوار کچە، شەوی 22 لەسەر 23\11\2016، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی بەھاری شاری ھەولێر، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. دواتریش سەرجەم دامەزراوەکان لەسەری هاتنە دەنگ و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد کە تیرۆرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە، لە دژی هەموو لایەک و بە تایبەتی لە دژی خودی سەرۆکی هەرێم ئەنجام دراوە.
BAS NEWS-
Top