فەرماندەیەكی پێشمەرگە: لە سنووری تەلەعفەر خەندەق لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا هەیە
(قاسم دربۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا حەشدی شەعبی توانیویانە رێگای نێوان مووسڵ و سووریا كۆنتڕۆڵ بكەن و گەییشتوونەتە دەوروبەری تەلەعفەر و لەمەودوا داعش ناتوانێ لە مووسڵەوە بچێتە سووریا یاخود بەپێچەوانەوە.''
(دربۆ) گوتیشی، لە ئێستادا حەشدی شەعبی گەییشتوونەتە دەوروبەری تەلەعفەر و تەنیا ماوە بچنە ناو تەلەعفەرهوه، بەڵام نازانرێت كە ئەوان دەچنە ناو تەلەعفەر یاخود سوپای عێراق ئەو شارۆچكەیە رزگار دەكات".
ڕوونیشی كردەوە: "لەو سنوورەدا حەشدی شەعبی گەییشتوونەتە سنووری هێزی پێشمەرگە و تەنیا خەندەق لە نێوانماندا هەیە و ئەوانیش لەو شوێنەی گرتوویانە، خەندەق بۆخۆیان لێ دەدەن، بە هیچ شێوەیەكیش لەگەڵ هێزی پێشمەرگە تێكەڵ نەكراون، چونكە خەندەق لە نێوان هەردوولادا هەیە".
ئەو فەرماندەیە دەشڵێ: "لە ئێستادا لە سنووری شنگال تەنیا پێنج كۆمەڵگا و10گوندی بچووك ماون ئازاد بكرێن، داعشیش لەو ناوچەیە زۆر لاواز بووە و جموجۆڵیشیان نەماوە، بۆیە چاوەڕێی فەرمان دەكەین بۆ ئەوەی هێرش بكەینە ئەو ناوچانە".
KDP-
