دیندار زێباری: بەشێک لە راگوێزراوەکان حەز ناکەن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان ھەرچەندە گوندەکانیشیان ئازادە
"دیندار زێباری" سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا کە رۆژی ٢٣/١١/٢٠١٦ لە نێوان لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و تۆڕی ھەماھەنگی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ساز کرا بوو، جەختی لەسەر ھەماھەنگی زیاتری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم کردەوە بەتایبەتی لە ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان رووبەرووی جەنگێکی سەخت بۆتەوە بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش.
زێباری لە بارەی ئەو راپۆرتانەی کە سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە وتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پێشوازیی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ و حوکمڕانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەری دەکەن و بەھەندیان وەردەگرێت، بەڵام پێمانوایە پێویستە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گشتگیر نەبن، چونکە ئێستا ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی جیھانی ئازاد رووبەرووی شەڕێکی قورس بوونەتەوە لەگەڵ دڕندەترین رێکخراوی تێرۆریستی، ھەروەھا پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان درک بە بارودۆخی شەڕ بکەن کە جگە لە ماڵوێرانی ھیچی تری بەدواوە نایەت.
سەبارەت بە ھەماھەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زێباری وتی: راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیاندا زیاتر جەخت لە ھێزی پێشمەرگە دەکەنەوە بۆیە ئێمە وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە واقعەکە چۆنە وەوک خۆی بە رای گشتی جیھانی رابگەیەنین و ئەگەر لە شوێنێک کەموکوڕی ھەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی لێ ئاگادار بکەینەوە.
زێباری ھەر لەم بارەیەوە زیاتر وتی: تۆمەتی رێکخراوەکان زیاتر ئاراستەی پێشمەرگە دەکرێت بە حوکمی ئەوەی ئێستا لە شەڕدایە، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتەکان پێویستە ھەماھەنگییەکی تەواو لە نێوان گشت لایەنەکان ھەبێت، چونکە پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدایە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گشت وەزارەت و دامودەزگاکانییەوە لە ناوخۆی کوردستان ئەرکێکی قورستریان کەوتۆتە ئەستۆ ئەویش خۆی لە پێشوازی کردن لە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر دەبینێتەوە و ژمارەکە رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنەوەی موسڵ رۆژانە بە سەدان کەس لە شوێنە جیاجیاکانەوە روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و پێویستە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بەتایبەتی ئەوانەی کە راپۆرت بڵاو دەکەنەوە باس لەوە بکەن کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایە، چونکە راگوێزراوەکان پێویستیان بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ کردن و خۆراک و خواردنەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و لەسەرووی ھەمووشیان حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری بۆ راگوێزراوان و تەواوی کوردستان دابینکردووە ئەمەش ئەرک و ماندووبوونێکی زۆری پێویستە و پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە ھەندی وەربگرن.
لەبارەی کار و چالاکییەکانی لیژنەکەوە، د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە ماوەی شەش مانگی رابردوو ئێمە چەندین ئەرک و چالاکی جۆراوجۆرمان ئەنجامداوە لە بواری وەڵامدانەوەی لێدوان و بەیاننامە و ھەڵوێست و راپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، جگە لە وەڵامدانەوەی راپۆرتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو تۆڕە پەیوەندییەی کە درووستکراوە، ھەروەھا بەدواداچوونمان بۆ ئەو راپۆرتانە کردووە کە پێویست بێت، تەنانەت بۆ بەدواداچوون و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ناوچە تازە ئازاد کرداوەکان بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکانمان پێکھێناوە و سەردانی ناوچە ئازادکراوەکانمان کردووە لە مەخموور و دیالا و کەرکوک و زوممار، ھەروھا دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ سەردانی کەمپەکانمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی رەوشی راگوێزراوان و ئەو خزمەتگوزاریانە بین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات، لە ھەمان کاتدا رێنمایی و تێبینییەکانی خۆمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرز کردۆتەوە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکان نەھێڵرێن و بارودۆخی سەر ئەرزی واقع چۆنە بەو شێوەیە بۆ رای گشتی کوردستانی و جیھانی روون بکەینەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەگەڕانەوە ئاوارە و راگوێزراوان بۆ ناوچەکانیان رایگەیاند کە بەشێک لەو راگوێزراوانە خۆیان حەز ناکەن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان ھەرچەندە گوندەکانیشیان ئازادە ئەویش بەھۆی نەبوونی ھەلی کار وە تێکدانی ناوچەکانیان لە رووی ئابوریەوە سەرەڕای ئەوەی بە سەدان ماڵ رێگایان بۆ کراوەتەو بۆ گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە ھەمان کاتدا بەشێک لەراگوێزراوەکان لەلایەن دانیشتوانی گوندەکانیان رێگریان لێدەگیرێت بۆ گەرانەوە بەھۆی ئەوەی کەسوکاری نزیکیان لەگەڵ داعشدا بووە یان لە ترسی دەستدرێژی بۆ سەریان و تۆڵەسەندنەوەی خەڵکەکەی لێیان، بۆ نموونە لە گوندی (سەیداوە) لەلایەن حەشدی شیعی دەستدرێژی کراوەتە سەر خەڵکی گوندەکە تەنانەت دەستدرێژی کراوەتە سەر خەڵکی بێتاوانیش.
لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە دوای شەڕی داعشەوە بە بەردەوام رەخنە لە ھێزە ئەمنییەکان و ھێزی پێشمەرگە دەگرن بەوەی رێگە بە ھاتووچۆی ھاووڵاتیانی عەرەب نادەن ئەوانەی کە ناوچەکانی خۆیان جێھێشتووە و روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بە ئازادی ھاتوچۆ بکەن. دام ودەزگا حکومییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ھۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ھەندێک ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتۆەتەبەر بەتایبەت لە ھەندێ ناوچەی دیاریکراو کە زۆرترین مەترسی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە.
PAYAMNER-
