بەئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا ئاھەنگی خولی ٢١ی زانکۆی دھۆک بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا ئاھەنگی خولی ٢١ی زانکۆی دھۆک بەڕێوەچوو


ئاھەنگی دەرچوانی زانکۆی دھۆک بە ئامادەبونی نوێنەری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی سنورەکە و، کەس وکاری دەرچوان لە سەنتەرێ رەوشەنبیری و جڤاکی زانکویا دھوک بەڕێوەچو، بڕوانامەی بەکالۆریۆس پێشکەش بە (٣٥١١) دەرچو لە (١٦) کۆلێژ و (٥٨) پسپۆڕی جیاکانی ئەو زانکۆیە کرا.



ئاھەنگەکە بەھاتنە ناوەوەی دەرچوانی کۆلێژە جیاکانی زانکۆکەو مامۆستایان و ستافی ئەنجومەنی زانکۆ دەستیپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، بەدوایدا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان ڕێزیان لە شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان گرت.



لە بەشێکی دیکەی ئاھەنگەکەدا چەند وتارێک پێشکەشکرا، لەو چوارچێوەیەدا د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە نوێنەرایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەشکرد.



لەسەرەتای وتارەکەیدا خۆشحاڵی خۆی بەئامادەبونی لەو ئاھەنگە پیشاندا، وتیشی ئەو پۆلە لە دەرچوان دەبنە ھۆکارێک بۆ زیاتر ئاوادانکردنەوەی کوردستان، چونکە گومانی تێدا نیە دەبنە پۆلێکی ئەمەکداری ئەم خاک و نیشتمانە و، ڕۆڵی کاریگەریان لە بونیادنان و پێشخستنی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا لە ووڵاتەکەمان دەبێت، چونکە گەشەسەندن و پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە پیویستی بە کۆشش و دەستپێشخەری ھەموانە، تا ھەریەکە لە بواری خۆیدا بە پێی پسپۆری و شارەزایی و لیھاتوی و بەھرەمەندی خۆی بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت چ لە کەرتی گشتی یان تایبەتدا.



ھەر لە میانەی وتارەکەیدا، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەکارنامەو ستراتیژی وەزارەت کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و لەوبارەیەوە وتی: لە ئێستادا وەزارەت پێی باشە زانکۆکان گرنگیەکی تایبەت بە کواڵیتی بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک ھەنگاو گیراوەتە بەر وەک ڕێزبەندی نیشتمانی زانکۆکان، گرنگیدان بەدڵنیایی جۆری، نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و زانستخوازی بەردەوام، وتیشی بە پێویستی دەزانین پێداچونەوە بەو بەش و پسپۆڕیانە بکرێن، کە لە زانکۆکان بونیان ھەیە، ھەروەک ھەنگاو بۆ کردنەوەی ئەو بەش و پسپۆڕی و کۆلیژانە بنێین، کە دەرچوانیان کاریگەریان ھەیە و شوێنی گونجاوی خۆیان لە بازاری کار دەبینەوە.



ھەر لە خستنەڕوی دیدگاو ستراتیژی وەزارەت د.کەریم ساڵح عەبدول ڕایگەیاند: بەگرنگی دەزانین بواری زیاتر بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ڕەسەن و ئاست بەرز بڕەخسێنرێت، بەشێوەیەک توێژینەوەکان بتوانن چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەکەمان بکەن، ڕونیشیکردەوە بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت یاداشتننامەی زانستی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێم ئیمزا کردوە، ھەروەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانی ھەرێم کردوە ھێڵە سەرکییەکانی کێشە و گرفتەکانی دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت ڕەوانەی وەزارەتەکەمان بکرێت بۆ بە سەر زانکۆکاندا ئەوەی گشتاندی پێ بکرێت، بۆ چڕکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەو کێشە وگرفتانە بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.



ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕێنمایی وەزارەتی بۆ زانکۆکان ڕونکردەوە و وتی: ڕێنمایی وەزارەت بۆ زانکۆکان ئەوەیە گرنگی زیاتر بە ڕاھێنانی قوتابیان وخوێندکاران بدەن، بەتایبەت گرنگیدان بەلایەنی کرداری و پراکتیکی، کە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی ئاستی دەرچوان، بە شێوازێک بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم وپەرەپێدان بە تواناکان لە ڕوی تەکنەلۆژیای فێرکردن و ڕاھێنان. ئەوەشی ڕاگەیاند: گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی دەرەوە خالێکی تری گرنگە لە پڕۆسەی ڕیفورمی خوێندنی باڵا بە شێوازیک یاداشتنامەکانی لێک تێگەیشتن بخرێنە بواری جێبەجی کردنەوە بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی زانکۆ پێشکەوتوەکان وەربگیرێت.



لە کۆتایی وتارەکەیدا نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆی دھۆک و سەرجەم مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەو زانکۆیە کرد، کە بە بەرپرسیاریەتییەوە ھەوڵیان داوە دەستەبەری پێداویستیەکانی خوێندن و پێگەیاندنی ئەم پۆلە لە دەرچوان بکەن. لەھەمان کاتدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی دەرچوان کرد بۆ پەروەردەکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕۆڵەکانیان، ھەروەک پیرۆزبایی لە دەرچوانیش کرد ، کە بەشەو نخونی خۆیان سەرکەوتنیان بە دەستھێنا، ئومێدیشی خواست پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە نەخشەی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان بە پێی پسپۆڕی خۆیان بدۆزنەوە.



ھەر لەو ئاھەنگەدا، دوای سوێندخواردن، لەسەر داوای ڕاگری کۆلێژەکان، لەلایەن سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس پێشکەش بەسەرجەم دەرچوان کرا، کە ژمارەیان (٣٥١١) دەرچووبوو.
PAYAMNER
Top