سەڵاحەدین بەهادین: لای ئێمە كەس تۆمەتبار نییە

سەڵاحەدین بەهادین: لای ئێمە كەس تۆمەتبار نییە


سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند لای ئێمە کەس تۆمەتبار نییە و دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت بۆ ئاشکراکردنی ناوی تۆمەتبار. گوتیشی ئێمە بەدوای ئەو دۆسیەوە دەبین و کۆڵ نادەیەن.


ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پرسەی دکتۆر وشیار ئیسماعیل، لە مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری ھەولێر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداریی گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی رێک خرا.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هیچ کەس و لایەنێکی بە کوشتنی مامۆستاكە تۆمەتبار نەکرد و گوتی "لای ئێمە کەس تۆمەتبار نییە و دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت بۆ ئاشکراکردنی ناوی تۆمەتبار، ئێمە بەدوای ئەو دۆسیەوە دەبین و کۆڵ نادەیەن لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان ئەنجام داوە، بۆیە لەگەڵ تیمی ناو حیزب بەردەوام دەبین تاوەکو دەگەینە ئەو سەرەداوەی کە کێ ئەو کارەی ئەنجام داوە و با کەس رێگە بەخۆی نەدات پێشی لێکۆڵینەوەکان بکەوێت".


ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدوادا گەڕان بەدوای سەرەداوی ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا بەردەوامن و ئاگادارییان کردووینەتەوە و ئێمە وەکو یەکگرتوو، بە پێش دادگا و یاسا ناکەوین".


دواتر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە وەکالەت لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بە رۆڵی دەزگا ئەمنییەکان کرد و گوتی "داوا دەکەین دەزگا ئەمنییەکان بە زووترین کات تاوانباران بدۆزنەوە و ئەمە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایشی پایتەخت و لە دێرزەمانەوە دوژمنانی گەلی کورد هەوڵیان داوە مامۆستا و زانایان و پیاوچاکان تیرۆر بکەن هەر لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی تا دکتۆر وشیار ئیسماعیل و ئەمەش هەوڵێکی نەزۆکە بۆ دروستکردنی ناکۆکی".


ھەروەھا گوتیشی "پێویستە جیاوازی لە نێوان کەیسەکان نەکرێت و مرۆڤ ھەر مرۆڤە و داوا دەکەم لە دەزگا پەیوەندیدارەکان بە جددی بە دوای ئەو کەیسەوە بن".


وشیار ئیسماعیل لە ساڵی 1976 لە گوندی کەوباکە لە نزیک بەردەڕەش لەدایک بووە و خاوەنی 5 منداڵە. گوتاربێژی مزگەوتی عومەر بندیان بوو لە شاری ھەولێر و بانگخوازێکی ناسراو بوو. یەکێکیش بوو لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ھەولێر و شەوی 22 لەسەر 23ـی 11/2016، دوای بانگهێشتکردنی بۆ دەرەوە و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێدەکرێت و گیان لەدەست دەدات و دوای ئەوەش سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هاوخەمی خۆیان دەربڕی و ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.
BAS NEWS -
Top