بارزانی: پێویستە ئێران لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەی کورد چارەسەر بکات

 بارزانی: پێویستە ئێران لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەی کورد چارەسەر بکات
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەشی فارسیی کەناڵی (BBC)، جەخت لەسەر دابینکردنی مافی نەتەوەیی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و دانوستان دەکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری کەنالی (بی بی سی)دا کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاو بکرێتەوە، لەبارەی ڕوانگەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قۆناغی نوێی خەباتی پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، گوتی "بەر لە هەموو شتێک، دەمانەوێ ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دراوسێکانمان بپارێزرێن و پێکەوە تەبا بین و تووشی گرفتی ئەمنی نەبین، دووەمیش ئەوەی ڕاستە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئەوان لەناو خاکی ئیرانیش خاوەن هێزی سەربازیی خۆیانن".

ئەوەشی ڕوون کردەوە:"من لێرەدا دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە لە ڕێگەی شەڕەوە هیچ ئامانجێک بەدی نایەت، بۆیە باشتر وایە و گرنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و لەم ڕێگەیەوە بگەنە ڕێگەچارەیەکی ئاشتیخوازانە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئێمە بەرپرسیاری سیاسەتی پارتەکانی دیکە نین و ناتوانین ڕێوشوێن و سیاسەتی خۆمان بە ناچاری بەسەر ئەواندا بسەپێنین".













باسنيوز
Top