لیژنەی ناوخۆ: لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەھیدکردنی ماموستا ئاینیەکەی ھەولێر ئاشکرا دەکرێت

لیژنەی ناوخۆ: لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەھیدکردنی ماموستا ئاینیەکەی ھەولێر ئاشکرا دەکرێت
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی شەھیدکردنی ماموستائاینیەکەی ھەولێر دروست کراوە و لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێن، چونکە ناکرێت کەسایەتیەکی وا دیاری ھەولێر شەھید بکرێت و نەزانرێت ھۆکاری چیە، جەختیشی کردەوە، دەمێک ھەوڵی تێکدانی رەوشی ئەمنی ھەولێر دەدرێت و ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکەن، بەڵام ھەرگیز ئەمە سەرکەوتوو نابێت.



جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان "نازم ھەرکی" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە شەھیدکردنی دکتور وشیار ئیسماعیل ماموستای ئاینی و کەسایەتی دیاری شاری ھەولێر بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە دروستکراوە بۆ لێکۆڵینەوە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرای دەکات ھۆکاری شەھیدکردنی چیە و ئەو ماموستایە کەسایەتیەکی دیار و بەرچاوی شاری ھەولێرە.



وتیشی: لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەزگا ئەمنیەکان ئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە شەھید کردنی ئەو ماموستایە ئایینیە ئاشکرا دەکەن، چونکە دەزگا ئەمنیەکان سوورن لەسەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن و بگەنە ئەنجامێک، لەبەر ئەوەی ناکرێت ماموستایەکی ئاینی بکوژرێت و نەزانرێت ھۆکاری شەھید کردنەکەی چیە، بۆیە دڵنیام لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکان دیار دەبێت و ھۆکارەکەشی ئاشکرا دەکەن و رای گشتیشی لێ‌ئاگادار دەکەنەوە.



جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: دەستی زۆر ھەیە کە دەیانەوێت دۆخی ئەمنی شاری ھەولێر تێکبدەن، بۆیە ئەم جۆرە کردەوانە یەکێکە لەو رێگایانە، بەڵام پێویستە جارێ چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بکەین.



باسی لەوەشکرد: خەڵکێک دەیەوێت توندوتیژی لە ھەولێر ھەبێت و نائارامی ناوچەکانی دیکە بۆ پایتەخت بگوازنەوە و دڵەڕاوکێ دروست بکەن و ترس بۆ دەنگی میانڕەو دروست بکەن، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان ھەمووکات لە ئامادەباشی تەواو دان بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان.

PAYAMNER-
Top