سەرکردە عێراقییەکان مانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان بە پێویست دەزانن

سەرکردە عێراقییەکان مانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان بە پێویست دەزانن

لە بەردەوامیی لێدوانی سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر گرنگی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی ناوچە تازە ڕزگاربووەکان، پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت پیشمەرگە پاراستنی بەشێکی گرنگی ناوچەکەیان لەئەستۆ گرتووە. لە لێدوانێکدا (یونادم یوسف کەننا) سەرۆکی کوتلەی ڕافیدەین و نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناکرێت ئەو هێزانە بە زوویی پاشەکشەیان پێ بکرێت، چونکە ئەوان پاراستنی بەشێکی گرنگی ناوچەکەیان لەئەستۆ گرتووە, هەربۆیە نابێت لەئێستادا باس لە کشانەوەی پێشمەرگە بکرێت.

یونادم کەننا، پێی وایە بە کشانەوەی پێشمەرگە، جارێکی دیکە داعش بەهێز دەبێت و بەو پێیەش بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکە دروست دەبێت و ئەویش وەک وەڵامێک بۆ ئەو کەسانەی کە داوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە تازە ڕزگارکراوەکان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی عەشایەری عەرەبی نەینەوا پشتگیریی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "ڕاستە ئەو ناوچانەی لەپێش داگیرکردنی موسڵ ناکۆکییان لەسەربوو، بەڵام ئێستا ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ڕزگار دەکرێن و بوونەتە بەشێک لە خاکی کوردستان".

شێخ مەزاحم ئەلحویت وتەبێژی عەشایەری عەرەبی نەینەوا وتی "ئێمە وەک عەشایەری ناوچەکە هەرگیز ڕەزامەندی نانوێنین جاریکی دیکە بگەڕیینەوە سەر حکومەتی ناوەندیی بەغدا"، لەو بارەیەوە ئاماژەی بە کۆکردنەوەی ١٠٠ هەزار واژۆ دانیشتووانی ناوچەکە کردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
PAYAMNER-
Top