فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی تیرۆرکردنی دکتۆر ھوشیار ئیسماعیل دەکات

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی تیرۆرکردنی دکتۆر ھوشیار ئیسماعیل دەکات


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، له بەیاننامەیەکدا ئیدانەی تیرۆرکردنی دکتۆر "ھوشیار ئیسماعیل"ی کرد.



ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیه:



"شەوی ڕابردوو لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر ھوشیار ئیسماعیل کە زانایەکی پایەبەرز و بەڕێزی ئەو شارەبوو، تیرۆرکرا، ئەمەیش بە لای ھەموومانەوە جێگەی داخ و ھەڵوەستە و تێڕامانە، چونکە دکتۆر ھوشیار کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویست و ئاشتیخوازی ئەم شارە بوو، لە بواری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی، ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە و ئەمەیش وایکردووە، کە خۆشەویستی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بێت و بەلای کاربەدەستانی شاریشەوە ڕێزلێگیراو بێت.



پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆنگەی بڕوابوون بە پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئاینییەکان، ھەمیشە ڕێزی لە مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام گرتووە و لە ھەموو سەردەم و قۆناغەکاندا، بیروڕا و سەرنج و تێبینییەکانییانی بە ھەند وەرگرتوون، ئەو ڕێزەیش ھەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە.



ئێمە کاتێک لە شەڕی دژی تیرۆرداین، بە بەردەوامی خەمی ئەوەمان ھەبووە و ھەیە، کە دوژمنانی گەلەکەمان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، لە ڕێگەی کردەوەی دژە ئینسانییەوە، ھەوڵی لێکترازانی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی بدەن و ئاگری فیتنە و ئاشوب ھەڵگیرسێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا و ماندووبوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە ئەمنییەکان، کوردستان ئارامە و ھەرکەسێکیش نییەتێکی وای ھەبێت، لە دەستی یاسا ڕزگاری نابێت.



شاری ھەولێر ناوەندێکی گرنگی سیاسی و عەسکەری و ئابووری ناوچەکەیە، بۆیە دەزگە ئەمنییەکان بەوپەڕی توانایانەوە، ئەرکی ماندوونەناسانەی خۆیان ڕادەپەڕێنن و ئەمەیش جێگەی ڕێزە، داوا لە ھەموو لایەکیش دەکەین، کە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بن و لە بەخشینەوەی تۆمەتدا پەلە نەکرێت، ھێزە ئەمنییەکان لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە مەزنە، ھەموو ھەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و ھیوادارین بە زووترین کات، ئەو دەستە ڕەشەی لە بندا ببڕن."
PAYAMNER -
Top